سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەداتە هاوپەیمانانی ئێران
ترەمپ گەورەترین جەنگی ئابووریی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیاند و هۆشدارییەکی توندیشی دایە ئەو وڵاتانەی لەڕووی دارایی و بازرگانییەوە هاوکاریی تاران دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ"، جەختی کردەوە، پێشتر هەلی زێڕینی بە ئێران داوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام ئەوان نەیانتوانیوە سوود لەو هەلە وەربگرن.
ترەمپ لە درێژەی پەیامەکەیدا باس لە دەستپێکردنی وێرانکەرترین ئۆپەراسیۆنی ئابووریی دژی ئەو وڵاتە دەکات و بە جەنگێکی ئابووریی بێپێشینە ناوی دەبات. سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ئێرانیش دەڵێت، هێزی دەریاییان نەماوە، هێزی ئاسمانییان وێران بووە، کارگە سەربازییەکانیان بوونەتە داروپەردوو، دراوەکەیان بێبەهایە و وڵاتەکەیان تەنیا بە تاڵە موویەکەوە هەڵواسراوە.
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توند دەداتە وڵاتانی دیکەی جیهان و رایدەگەیەنێت، هەر وڵاتێک رێگە بدات دامەزراوە داراییەکان، بازرگانییەکان، فڕۆکەخانەکان، یان دامەزراوە حکوومییەکانی جۆرێک لە هاوکاری و هەلی مانەوە پێشکەش بە ئێران بکەن، خودی وڵاتەکە رووبەڕووی لێکەوتەی ئابووریی زۆر گەورە و وێرانکەر دەبێتەوە.
ترەمپ جەختی لەوەش کردووەتەوە، دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بە قاچاخچێتیی نەوت، هێڵەکانی ئاڵوگۆڕ، گواستنەوەی پارەی کاش، نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو، تۆماری کەشتییەکان و کۆمپانیا ساختەکان بهێنرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ ئەم هەنگاوەی بە "رۆژی یەکلاکەرەوەی ئابووری" ناوبردووە و داوای لە هەموو هاوپەیمانەکانی ئەمریکا کردووە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان یەکبگرن بۆ گۆشەگیرکردن و تێکشکاندنی هەڕەشەکانی ئێران، لە کۆتاییشدا دەڵێت، ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، وادەی 60 رۆژەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی ئەمریکا و ئێران کۆتایی هات.
لە 17ـی حوزەیرانی رابردوو، واشنتن و تاران لێکتێگەیشتنێکیان واژۆکرد کە بە 'لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد' دەناسرێت. ئامانج لەم هەنگاوە دروستکردنی چوارچێوەیەک بوو بۆ راگرتنی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و کردنەوەی دەرگای دانوستاندن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەتی بەرنامەی ئەتۆمی، سزاکانی ئەمریکا و پرسی ئازادیی کەشتیوانی.