ئەفسەرێک بەهۆی رەخنەگرتن لە ترەمپ دەستگیر کرا
هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا ئەفسەرێکی سوپای وڵاتەکەیان دەستبەسەر کرد، دوای ئەوەی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا داوای لادانی دۆناڵد ترەمپی لە پۆستی سەرۆکایەتی کردبوو و رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی گرتووە.
هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، رائید جیسۆن واتسنیان خستە ژێر چاودێری و دەستبەسەریی سەربازییەوە. ئەم بڕیارە دوای چەند رۆژێک دێت لە چاوپێکەوتنێکی ناوبراو لەگەڵ تۆڕی هەواڵی CNN، کە تێیدا دووبارە داوای لادانی دۆناڵد ترەمپی کردبوو.
گوتەبێژێکی هێزە ئاسمانییەکان رایگەیاند، واتسن رۆژی سێشەممە بەهۆی "گومانی بەردەوامی لە هەڵسوکەوتی نەشیاو" دەستبەسەر کراوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن و تاوەکو ئێوارەی رۆژی چوارشەممە هیچ تۆمەتێکی فەرمی ئاراستە نەکراوە.
لە لایەکی دیکەوە، پارێزەری واتسن ئاشکرای کرد کە ئەفسەرەکە لە کاتی کارکردنی فەرمییدا دەستگیر کراوە، دوای ئەوەی بە فەرماندەکانی راگەیاندووە کە ئامادە نییە جلی سەربازی بپۆشێت. باس لەوەش دەکرێت کە ئەگەری هەیە بەپێی ماددەی 88ی یاسای سەربازی کە پەیوەستە بە بێڕێزیکردن بە بەرپرسانی باڵا، یان ماددەی 92 کە تایبەتە بە سەرپێچیکردنی فەرمانەکان، تۆمەتبار بکرێت.
جیسۆن واتسن پێشتریش لە سەرەتای مانگی تەممووز بەهۆی بەشداریکردنی بە جلی سەربازییەوە لە خۆپێشاندانێکی بەردەم باڵەخانەی کاپیتۆڵ، کە تێیدا داوای لادانی ترەمپ و جەی دی ڤانسی کردبوو، دەستگیر کرابوو.
بەپێی رێنماییە سەربازییەکانی ئەمریکا، ئەندامانی سوپا بۆیان نییە لە کاتی چالاکییە سیاسییەکاندا جلی سەربازی بپۆشن، هەروەها یاسای سەربازی رێگری دەکات لە هەر جۆرە بێڕێزیکردنێک بە سەرۆک و بەرپرسانی باڵای وڵات.