نەخۆشخانەی زاخۆ بووەتە هیوایەک بۆ نەخۆشانی گورچیلە

پشکی شوشتنی گورچیلە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ بەردەوامە لە پێشکەشکردنی چارەسەری بێبەرانبەر بە هاووڵاتییان و ئاوارەکان، نەخۆشەکانیش ستایشی ستافەکە دەکەن و بە هۆکاری رزگاربوونی ژیانیان دەزانن.

پشکی شوشتنی گورچیلە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بەبێ بەرانبەر بە نەخۆشانی ناوچەکە و ئاوارە و پەنابەران پێشکەش دەکات، ئەم هەنگاوە بارگرانییەکی گەورەی دارایی لەسەر شانی نەخۆشان و کەسوکاریان کەمکردووەتەوە.

ئەکرەم ساڵح، یەکێکە لە کەسوکاری نەخۆشەکان و ماوەی پێنج ساڵە، هەفتەی شەش رۆژ دوو نەخۆش بۆ وەرگرتنی چارەسەر دەهێنێتە ئەم نەخۆشخانەیە. نەخۆشەکان بریتین لە براکەی و هاوسەری براکەی. 
ئەو، لە لێدوانێکیدا بۆ مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوە کرد، ئەگەر ئەم خزمەتگوزارییە بێبەرانبەرە نەبێت، لە توانایاندا نییە تێچووەکەی لە دەرەوە دابین بکەن. هەروەها ستایشی ستافی پزیشکی دەکات بۆ سەرەدەریی باش و دڵسۆزییان لەگەڵ نەخۆشەکان و دەڵێت: "ئەگەر ئامێرەکانی ئێرە نەبێت یان تێکبچێت، دەبێت پەنا ببەینە بەر شوێنی دیکە و تێچووەکەیشی زۆرە، لە توانای ئێمەشدا نییە."

لای خۆیەوە محەممەد یوسف، یەکێکی دیکەیە لە نەخۆشەکان و ماوەی چوار ساڵە بۆ شوشتنی گورچیلەکانی سەردانی ئەو بەشە دەکات. ئەو زۆر سوپاسگوزاری ستافی نەخۆشخانەکەیە و دەڵێت: "هەڵسوکەوتیان زۆر باشە و رێزێکی زۆرمان لێ دەگرن، ئەگەر ئەم نەخۆشخانەیە نەبێت، رەنگە لە ماوەی دوو رۆژدا گیان لەدەستبدەم."

ئەم بەشە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ بۆ ماوەی 24 کاتژمێر و لە دوو دەوامدا کار دەکات، تێیدا 14 پزیشک و پەرستار و کارمەند خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.

سەبارەت بە شێوازی کارکردنی بەشەکە، د. ئەحمەد محەممەد، سەرۆکی پشکی شوشتنی گورچیلە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامێرەکان ئامادەن و نەخۆشەکان بۆ ماوەی سێ بۆ چوار کاتژمێر لەسەر ئامێرەکە دەمێننەوە. هەر نەخۆشێک هەفتەی دوو بۆ سێ جار پێویستی بەم چارەسەرە هەیە. سوودی ئەم پرۆسەیە لەوەدایە نیشانەکانی نەخۆشییەکە کەمدەکاتەوە و خوێ و ماددە زیانبەخشەکانی وەک یۆریا لە جەستەی نەخۆشەکە دەکاتە دەرەوە.

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ بە گشتی لە نۆ بەش پێکدێت و رۆژانە پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆری نەخۆش دەکات.

 بەپێی ئامارەکان، رۆژانە زیاتر لە 300 نەخۆش بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی بەشی فریاکەوتن دەکەن. هەروەها لە ماوەی یەک رۆژدا زیاتر لە 1400 پشکنین و 20 نەشتەرگەریی جۆراوجۆر بە نرخی کەم و بە داشکاندنی بەرچاو بۆ دانیشتووانی ناوچەکە و ئاوارە و پەنابەران ئەنجام دەدرێن.