فالح فەیاز بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت
بڕیارە ئەمڕۆ، لیژنەیەکی بەدواچوون لە پەرلەمانی عێراق سێ بەرپرسی باڵا بانگهێشت بکات، ئەوەش بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی چۆڵنەکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی پێش ئەوەی بکرێنە ئامانج.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ی ئابی 2026، بڕیارە پەرلەمانی عێراق سێ بەرپرسی باڵای حکوومی و ئەمنی بانگهێشت بکات. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، عەدنان فەیحان، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەک دا بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی چۆڵنەکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی پێش ئەوەی لە لایەن ئەمریکا و سعوودیەوە بکرێنە ئامانج.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمیی نووسینگەی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان کە رێکەوتی 17ی ئابی 2026 دەرچووە، لیژنەیەکی راستیگەڕی بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار (ئەحمەد خەزعەلی) پێکهێنراوە. ئەرکی ئەم لیژنەیە لێکۆڵینەوەیە لە هۆکارەکانی وەرنەگرتنی رێکاری پێویستی خۆپارێزی و چۆڵنەکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی پێش ئەوەی لە لایەن هەردوو لایەنی "ئەمریکی و سعوودی"ـیەوە بکرێنە ئامانج.
بۆ ئەم مەبەستە، پەرلەمان داوای کردووە کە ئەم سێ بەرپرسەی خوارەوە، ئەمڕۆ کاتژمێر 11:00ی بەیانی لە بارەگای لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئامادە بن:
1- عەبدولزەهرە هینداوی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران.
2- عەبدولئەمیر شممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
3- فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی.
ئەم بڕیارەی پەرلەمان لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا چەندین بارەگای حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاوازەکان کراونەتە ئامانج، و پەرلەمانتاران دەیانەوێت وردەکاریی ئەو کەمتەرخەمییانە بزانن کە بوونەتە هۆی نەپاراستنی ئەو شوێنانە و گیانلەدەستدانی کارمەندەکانیان.