وەزیری دەرەوەی سووریا: متمانەمان بە ئیسرائیل نییە

شەیبانی: هێرشەکەی ئیسرائیل هیچ پاساوێکی نەبوو

وەزیری دەرەوەی سووریا وردەکاریی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ و ئیسرائیل پێش و دوای هێرشەکەی سەر بنکەی ئاسمانیی ئەبو زوهور ئاشکرا دەکات و جەخت لە بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئەمنی دەکاتەوە.

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی "ئەکسیۆس"ـی ئەمریکی رایگەیاند، پێش هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی ئەبووزوهوور لە ئیدلب و دوای هێرشەکەش لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندیدا بوون بۆ گەیاندنی هەڵوێستی دیمەشق و رێگریکردن لە زیادبوونی گرژییەکان. 

وەزیری دەرەوەی سووریا روونی کردەوە، پێش هێرشەکە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە کردووە و پێیان گوتوون هیچ پلانێک بۆ بوونی هەمیشەییی هێزەکانی تورکیا لە بنکەی ئاسمانیی ئەبووزوهوور نییە، بۆیە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو بنکەیە هیچ پاساوێکی نەبووە. 

شەیبانی ئاماژەی بەوەش کرد، بە روونی بە واشنتنیان راگەیاندووە متمانەیان بە نیازەکانی ئیسرائیل بەرانبەر بە سووریا نییە و پێیانوایە سیاسەتی ئیسرائیل خزمەت بە سەقامگیریی سووریا و ناوچەکە ناکات. دوای هێرشەکەش پەیوەندییان بە ئیدارەی ترەمپ و چەند وڵاتێکی دیکەوە کردووە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانە.

سەبارەت بە هەوڵەکانی هێورکردنەوەی دۆخەکە، وەزیری دەرەوەی سووریا جەختی لەوە کردەوە حکوومەتی دیمەشق هێشتا ئارەزووی گەیشتن بە رێککەوتنی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەسەر سنوور. گوتیشی، دەرگای دانوستانیان لەگەڵ ئیسرائیل دانەخستووە.

لەسەر هەمان پرس، شەیبانی باسی لەوە کرد، پێشتر بە نێوەندگیریی واشنتن پێشکەوتنی زۆر باشیان لە دانوستانی رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل بەدەستهێناوە، بەڵام دواتر ئیسرائیل پاشەکشەی کردووە.

وەزیری دەرەوەی سووریا هیواشی خواست دانوستانەکان بە نێوەندگیریی ئەمریکا دەست پێبکەنەوە و بگەنە لێکتێگەیشتنێک ئاسایشی هەردوو لا بپارێزێت، چونکە کەمکردنەوەی گرژییەکان تەنیا بەرپرسیارێتیی یەک لایەن نییە و پێویستە ئیسرائیلیش پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیدا بکات.

هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی سەربازیی ئاسمانیی ئەبووزوهوور لە پارێزگای ئیدلب لە باکووری سووریا، رۆژی سێشەممە، 18ـی ئابی 2026 روویدا. ئەم هێرشە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای سەردانێکی شاندێکی سەربازیی تورکیا بۆ ئەو بنکەیە کرا.

 سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئیسرائیل هەشت هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر رێڕەوی فڕین و کۆگاکانی بنکەکە، ئەوەش بە مەبەستی رێگریکردن لە جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا و دروستکردنی بنکەیەکی هەمیشەیی.

 ئیسرائیل پێیوایە هەر هەوڵێکی لەو جۆرە پێشێلکردنی ئەو رێککەوتنەیە لەسەر پاراستنی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە کراوە. 

ئەو بنکەیە پێشتر بۆ ماوەیەکی زۆر بەکارنەدەهێنرا، بەڵام بەهۆی پێگەی ستراتیژییەوە بووەتە جێگەی سەرنجی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا لە ناوخۆی سووریا.