فایەق زێدان و قالیباف پەرەپێدانی هاوکارییە دادوەری و یاساییەکانیان تاوتوێ کرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە بەغدا پێشوازی لە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و شاندێکی یاوەری کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا، بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاریی نێوان بەغدا و تاران لە بوارە دادوەری و یاساییەکاندا خرانە ڕوو.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، بەدواداچوون بۆ هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامە و یاداشتنامانەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش کرا کە پێشتر لە نێوان هەردوو وڵاتدا لە بواری یاسایی و دادوەریدا ئیمزا کراون.
دوێنێ چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەسەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتنە بەغدا و لەلایەن جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق عەدنان فەیحان پێشوازی لێکرا.
هەر دوێنێ قالیباف لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی کۆبووەوە و پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قپڵییەکانی نێوانیان تاوتوێ کرد، بڕیاریشە لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کۆببێتەوە و پرسی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان تاوتوێ بکەن.