قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و پرۆسەی تاپۆکردنیش بەردەوامە
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەکات و هاوکات پرۆسەی تاپۆکردنی زەوییە کارتەکانیش بەردەوامیی هەیە.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی لە هەولێر دەستپێدەکات و زەوییەکان دەکەونە سەر رێگەی سەرەکیی هەولێر - دهۆک، هاوکات ژمارەی زەوییەکانی ئەم قۆناخەش رادەگەیەنرێت.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، هەر قۆناخێک بەپێی رێژەی سوودمەندبوونی وەزارەتەکان دەبێت و سەرجەم وەزارەتەکان لێی سوودمەند دەبن. گوتیشی، تاوەکوو ئێستا ناوی نزیکەی 82 هەزار فەرمانبەر گەڕاوەتەوە و زیاتر لە 50%ـی فەرمانبەران لە حەوت قۆناخی رابردوودا سوودمەند بوون، پرۆسەکەش تاوەکوو سوودمەندبوونی سەرجەم فەرمانبەران بەردەوام دەبێت.
بە گوتەی کارزان هادی، لە حەوت قۆناخی رابردوودا نزیکەی 42 هەزار پارچە زەوی لە هەولێر دابەشکراون. ئێستاش هەموو هەوڵێک دەدرێت ئەمساڵ ئەو فەرمانبەرانەی ناویان گەڕاوەتەوە زەوییان پێبدرێت و پرۆسەکە کۆتایی بێت.
روونیشی کردەوە، توانیویانە زۆرترین پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکەن، هەرچەندە پرۆسەکە سەختە و کاری رووپێوکاری زۆر ئەستەمە، بۆیە لەرێگەی درۆنەوە کارەکان ئەنجام دەدەن.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئاب، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆسهی تاپۆكردنی زهوییه كارتهكان له سنووری ههولێر بهردهوامه.
بهپێی ئامارێكی یهكهی گۆڕینی كارتی زهوی بۆ تاپۆ، له قۆناخێكی نوێدا وێنهی تۆماری 290 كارتی دیكه گهڕاونهتهوه و ئامادهن. ئەم 290 کارتە دەکەونە كهرتهكانی 105ـی پیرداود و 107ـی دووسهرهفهتاح له سنووری سهرۆكایهتیی شارهوانیی شهمامك.
لە 27ـی ئاداری 2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون.