پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی سامانی گەندەڵکاران تاوتوێ دەکات
لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، پەرلەمانی عێراق کار لەسەر پڕۆژەیاسایەک دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو سەروەت و سامانەی لە لایەن گەندەڵکارانەوە براوەتە دەرەوەی وڵات، سەرۆکی لیژنەی یاساییش دەڵێت، پڕۆژەکە 44 ماددە لەخۆدەگرێت.
هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی سەروەت و سامان دەکات. ئەم پڕۆژەیاسایە لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی ئەو پارانە ئامادەکراوە کە لە لایەن گەندەڵکارانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
دکتۆر رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، لیژنەکەیان پێشنیازەیاسایەکی تایبەت بەم پرسە ئامادە کردبوو، بەڵام دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق پڕۆژەیاسایەکی دیکەی ئاراستەی پەرلەمان کرد، بڕیاردرا کار لەسەر پڕۆژەکەی حکوومەت بکرێت. گوتیشی: "بڕیاربوو ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت، بەڵام دواخرا بۆ هەفتەی داهاتوو و بە ئەگەری زۆرەوە لەو هەفتەیەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت".
سەبارەت بە ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە، دکتۆر رێبوار هادی ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکە لە 44 ماددە پێکهاتووە و ژمارەیەک رێکاری یاسایی توند لەخۆدەگرێت، کە ئامانجیان گەڕاندنەوەی ئەو پارە و داهاتانەیە کە لە ئەنجامی تاوانەکانی گەندەڵی لە دەرەوەی وڵات بەدەستهاتوون، هەروەها بەهێزکردنی هاوکاریی یاسایی نێوان عێراق و وڵاتانی دیکە.
بەپێی پڕۆژەیاساکە، دەستەی دەستپاکی ئەرکی کۆکردنەوەی زانیارییەکان سەبارەت بە جووڵەی پارە بۆ دەرەوەی عێراق و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگرێتە ئەستۆ، جگە لە داواکردنی هاوکاریی یاسایی لە وڵاتانی دیکە بۆ شوێنپێ هەڵگرتن، دەستبەسەرداگرتن، سڕکردن و گەڕاندنەوەی داهاتەکانی گەندەڵی.
ئەمە لە کاتێکدایە، دەستەی دەستپاکی فیدراڵ لە 11ی تەممووزی 2026 رەشنووسێکی فراوانی بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتی راگەیاند، وەک هەنگاوێکی یاسایی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو سامانەی بەرپرسانی پێشوو بردوویانەتە دەرەوە و گەڕاندنەوەی تۆمەتبارە هەڵاتووەکان. هەروەها پێشتر دەستەی دەستپاکی رێککەوتنێکی لەگەڵ ئینتەرپوڵ واژۆ کردووە، کە رێگەیان پێدەدات راستەوخۆ بچنە ناو سیستمی زانیارییەکان و دەستیان بە زانیاریی سەرجەم داواکراوان بگات.