پەرستارێکی کورد بەهۆی کەزیکردنی قژی لە کارەکەی دەرکرا

ئیکرا ئاڤچی، پەرستارێکی خەڵکی دیاربەکر (ئامەد)، بەهۆی بەشداریکردنی لە کەمپینێکی هێماییی کەزیکردنی قژ بۆ پشتگیریکردنی ژنە شەڕڤانێکی رۆژئاوای کوردستان، بە یەکجاری لە کارەکەی دەرکرا. 

ئەو پەرستارە پێشتر لە شاری کۆجائێلیی تورکیا کاری دەکرد و رووبەڕووی لێکۆڵینەوەی دادوەری و کارگێڕی ببووەوە. هەرچەندە لەلایەن دادگاوە لە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ رێکخراو" بێبەری کرا، بەڵام دواجار بە بڕیارێکی کارگێڕی لە کارەکەی دەرکرا.

بڕیارەکە کاردانەوەی توندی پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لێکەوتەوە و بە "سزایەکی سیاسی" و "دوژمنایەتی بەرانبەر هاودەنگیی ژنان" وەسفیان کرد. هاوکات جەختیان لەوە کردەوە، تەنیا لەبەر دەربڕینی هەڵوێستێکی مرۆیی بەرانبەر توندوتیژی، حەوت ساڵ خزمەتی پیشەییی ئەو پەرستارە فەرامۆش کراوە. بۆیە داوایان کرد دەستبەجێ بڕیارەکە هەڵبوەشێندرێتەوە و ئاڤچی بۆ سەر کارەکەی بگەڕێتەوە.

 

 

لەو چوارچێوەیەدا، سرری ساکیک، پەرلەمانتاری دەم پارتی، رایگەیاند، دەسەڵات لە لایەک دەڵێت "کێشەی سەد ساڵەی کورد چارەسەر دەکەین"، لە لایەکی دیکەش پەرستارێک لە کارەکەی دەردەکات تەنیا لەبەر ئەوەی دژی دڕندەییەک بەرانبەر ژنێکی کورد وەستاوەتەوە.

سەرەتای رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ گرژییەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، کاتێک چەکدارێکی سەر بە حکوومەتی سووریا، لە ناوچەی رەققە کەزیی ژنە شەڕڤانێکی بڕی و وەک دەستکەوتێک مامەڵەی لەگەڵدا کرد. 

ئەم دڕندەییە کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە و کەمپینێکی جیهانی بۆ پشتیوانیکردن لە ژنانی کورد لەژێر ناوی "کەمپینی کەزیکردن" بە دەستپێشخەریی پەرلەمانتارانی دەم پارتی دەستی پێکرد.