پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران: بەربەستە بانکیییەکانی نێوان تاران و بەغدا لابران
عەبدولناسر هیمەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، دوای دانوستانەکانی ئەم دواییەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕی بانکیی نێوان هەردوو وڵات لادراون و زەمینە خۆش کراوە بۆ ئەوەی لە هەفتەکانی داهاتوودا سوود لەو سەرچاوە داراییانە وەربگیرێت.
بەگوێرەی ئاژانسی 'مێهر'ـی ئێرانی، هیمەتی جەختی لە گرنگیی وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکانی وڵاتەکەی و خێراکردنی ئاڵوگۆڕە ئابوورییەکان کردووەتەوە و ئاشکرای کردووە "لە سەردانەکەی ئەم دواییەمدا بۆ بەغدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕی لەسەر دەرکردنی دەستەبەریی دارایی بۆ بەڵێندەرانی ئێرانی بە پاڵپشتیی داراییەکانی ئێران لە بانکەکانی عێراقدا، رێنماییە جێبەجێکارییەکانیش لەو بارەیەوە دەرچوون."
پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵوێستی ئەرێنی و ئامادەیی تیمی نوێی کارگێڕیی عێراق، ئاسۆیەکی نوێ بۆ گەشەپێدانی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان تاران و بەغدا دەکاتەوە.
سەبارەت بە رێککەوتنە داراییەکان، هیمەتی روونی کردەوە، جێبەجێکردنی رێککەوتنە نەقدییەکان بەندە بە رەزامەندیی سەرکردایەتیی باڵای وڵاتەکەیەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، رەشنووسی یاداشتی ئازادکردنی داراییەکانی ئێران ئامادە کراوە، بەڵام جێبەجێکردنی لە ئێستادا راگیراوە، چونکە سەرجەم هەنگاوە ئابوورییەکان دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانی و بە رەزامەندیی سەرکردایەتی و ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بکرێن.
لەبارەی کەمبوونەوەی داهاتە نەوتییەکان، هیمەتی ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە کێشەیەکی گشتیی ناوچەکەیە و کاریگەریی لەسەر وڵاتانی دراوسێی وەک قەتەر و عێراقیش هەبووە، بەڵام جیاوازییە بنەڕەتییەکە ئەوەیە ئێران بەهۆی سزاکان و بلۆککردنی یەدەگە داراییەکانی لەلایەن ئەمریکاوە، ناتوانێت بەئاسانی دەستی بە داراییە کاشەکانی خۆی بگات لە دەرەوەی وڵات.