خولی گفتوگۆی ستراتیژی بۆ بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێتەوە
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی ستراتیژیدا، هەڵمەتی ریفۆرمی ناو پۆلیس فراوان دەکات و بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە خولێکی گفتوگۆی ستراتیژی بۆ بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکە رێکبخات.
ئەو پڕۆژەیە کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە لەلایەن وەزیری ناوخۆوە پەسەندکراوە، ئامانجی گۆڕینی کولتووری مامەڵەکردنی پۆلیس و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە، ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بە کوردستان24ـیان راگەیاند "پڕۆژەی ریفۆرمی پۆلیسی کوردستان پڕۆژەیەکی درێژخایەنە و لە ساڵی 2026 تا ساڵی 2030 بەردەوام دەبێت".
بۆ سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی پرۆسەکە، دوو لێژنەی باڵا پێکهێندراون و ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنیش ئەرکی هەماهەنگی و جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی لە ئەستۆ گرتووە.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردن، ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن روونیکردەوە، چوار بنکەی پۆلیس لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە وەک بنکەی نموونەیی دەستنیشانکراون و تا ئێستا چەند قۆناخێکی گرنگ تێپەڕێندراون، لەم چوارچێوەیەدا 35 راهێنەری چەمکی "پۆلیسی خزمەتگوزاری متمانەپێکراو" پێگەیەندراون، کە ئەرکیان گەیاندنی ئەو پڕۆژەیە بە شێوازێکی شارستانی و سەردەمیانە بۆ تەواوی کارمەندان و بنکەکانی پۆلیسە.
بە گوێرەی داتاکانی ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، نزیکەی 10,000 پۆلیس لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە خولەکانی تایبەت بە خزمەتگوزاری و پۆلیسی متمانەپێکراو یان "گۆڕینی هێز بۆ رێز" کردووە.
هاوکات، بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە خولێکی گفتوگۆی ستراتیژی بۆ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە. لەو خولەدا چەندین سمینار و پڕۆژەی تایبەت بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی کارەکانی پۆلیس دەخرێنەڕوو.