لە بەسرە تۆڕێکی ساختەکاری دەستگیرکران، بە ملیاران دیناریان دەستکەوتبوو
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە بەسرە تۆڕێکی ساختەکاریی هەڵوەشاندەوە، کە ملیاران دیناریان بە شێوەیەکی نایاسایی بەدەستهێنابوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و تاوانی رێکخراو، بە پشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگری و چاودێریی مەیدانی، تیمەکانیان پاش وەرگرتنی رەزامەندیی دادگا، تۆڕێکی ساختەکاری و فێڵکردنیان لە بەسرە ئاشکرا کرد.
ئۆپەراسیۆنەکە بە دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی سەرەتایی دەستی پێ کرد، ئەو بەڕێوەبەرە لە رێگەی ساختەکردن و مامەڵەکردن بە کەیسەکانی قەرەبووی زەوییەکانی کێڵگەی نەوتی قورنەی رۆژئاوا، دەستی بەسەر ملیاران دیناردا گرتبوو.
لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو بەڕێوەبەرەدا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر 36 مۆری فەرمیی دامەزراوە حکوومی و عەشایەرییەکان، بڕێکی زۆر پارە و چەندین موڵک و باڵەخانەی نیشتەجێبووندا گرت، کە لە ئەنجامی ئەو چالاکییە تاوانکارییە دەستیان کەوتبوو.
پاش لێکۆڵینەوە و تەواوکردنی رێکارەکان، شوێنی دوو هاوبەشی سەرەکیی ئەو تۆڕە ئاشکرا کرا و دەستگیر کران، یەکێک لەو تۆمەتبارانە بەڕێوەبەری بەشێکە لە قەزاکانی پارێزگاکە و بەمەش ژمارەی دەستگیرکراوەکان گەیشتە 3 کەس.
سەرجەم تۆمەتباران بەپێی رێکارە یاساییەکان راگیراون و رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون، تا رێکاری پێویستی یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر.