هەفتەی داهاتوو چاوپێکەوتن بۆ دامەزراندن لە هەڵەبجە دەست پێدەکات

هەڵەبجە
هەڵەبجە

لیژنەی ئەنجوومەنی راژە هەفتەی داهاتوو سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەکات بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ نزیکەی 600 پێشکەشکار، ئەمەش وەک دوایین قۆناخی پرۆسەی دامەزراندنی 250 کەس لە سنوورەکە.

دوای دوو مانگ لە جیاکردنەوە و هەڵسەنگاندنی فۆرمەکانی دامەزراندنی 250 کەس لە سنووری هەڵەبجە، پرۆسەی خاڵبەندی کۆتایی هاتووە و بەم زووانە چاوپێکەوتن لەگەڵ داواکاران دەکرێت. 

سەرچاوەیەک لە لیژنەی باڵای دامەزراندن لە پارێزگای هەڵەبجە روونیکردەوە، لیژنەکەیان وردبینی بۆ فۆرمی نۆ هەزار و شەش کەس تەواو کردووە و فۆرمەکان بەگوێرەی پسپۆڕی جیاکراونەتەوە.

هەمان سەرچاوە ئاشکرای کرد، لەنێو ئەو 9600 کەسەی داواکارییان پێشکەش کردووە، لیژنەکە 500 بۆ 600 کەسی بەپێی خاڵبەندی هەڵبژاردووە. بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەیەکی ئەنجوومەنی راژە سەردانی هەڵەبجە بکات بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانە. ئەمەش دوایین قۆناخی پرۆسەکەیە و دواتر بە فەرمی ناوی دەرچووان بڵاو دەکرێتەوە.

بەگوێرەی رێنماییەکانی لیژنەی دامەزراندن لە پارێزگای هەڵەبجە، پرۆسەکە دەرچووانی ساڵی 2010 بەدواوە دەگرێتەوە و بۆ هەر ساڵێکی دەرچوون یەک خاڵ هەژمار دەکرێت. سەبارەت بە بڕوانامەکان، بۆ بەکالۆریۆس دوو خاڵ، دیپلۆم یەک خاڵ، ماستەر سێ خاڵ و دکتۆرا چوار خاڵ دادەنرێت. 

هاوکات کۆنمرەی دەرچوون بە رێژەی 50 بۆ 60 تەنیا یەک خاڵی بۆ دیاری کراوە و بە رێژەی 90 بۆ 100 پێنج خاڵی پێ دەدرێت. هەروەها چوار خاڵ بۆ کەسوکاری شەهیدان و چوار خاڵیش بۆ چاوپێکەوتن تەرخان کراوە. هەر کەسێک ئەو مەرجانەی تێدا بێت، چانسی وەرگرتنی لە ئەوانی دیکە زیاتر دەبێت.

لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، ئەنجوومەنی راژەی گشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لینكێكی تایبەتی بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی دامەزراندن لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە راگەیاند.

 پرۆسەکە لە 10ـی مانگی حوزەیران دەستی پێکرد و بۆ ماوەی 14 رۆژ بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا زیاتر لە نۆ هەزار کەس لە 32 پسپۆڕیی جیاوازدا فۆرمیان پڕکردەوە. 

کێبڕکێیەکە بۆ دامەزراندنی 250 کەسە بە شێوەی گرێبەست لەسەر میلاکی فەرمانگەکانی حکوومەت لە سنوورەکە، لەو ژمارەیەش 22 پلە بۆ راژەی سەربازی تەرخان کراوە. ئەم هەنگاوە دوای رەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران هات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە کارگێڕییەکانی پارێزگای هەڵەبجە.