ساسان عەونی: 55 هەزار فەرمانبەر لە هەولێر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستپێکردنی قۆناخی 8ـەمینی دابەشکردنی زەوی لە هەولێر رادەگەیەنێت و ئاشکرای دەکات، تاوەکو ئێستا 55 هەزار فەرمانبەر لە سنووری پارێزگاکە زەوییان بۆ دەرچووە.

رۆژی پێنجشەممە، 20ی ئابی 2026، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەردەوامە و ئەمڕۆ قۆناخی 8ـەمینی تیروپشک لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر دەستیپێکرد.

وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوە کرد، لە حەفت قۆناخی رابردوودا 42 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراوە. راشیگەیاند، لە قۆناخی ئەمڕۆدا کە قۆناخی 8ـەمینە، 13 هەزار پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەرانی هەردوو راژەی مەدەنی و سەربازی دابەش دەکرێت، بەمەش کۆی گشتی ئەو فەرمانبەرانەی تاوەکو ئێستا لە سنووری شارەوانیی هەولێر سوودمەند بوون، گەیشتە 55 هەزار فەرمانبەر.

ساسان عەونی وردەکاری زیاتری خستەڕوو و گوتی: "کۆی گشتی ئەو فەرمانبەرانەی تاوەکو ئێستا فەرمانی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە نزیکەی 82 هەزار فەرمانبەرن، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا 27 هەزار فەرمانبەرە کە لە قۆناخەکانی ئاییندەدا و لە ماوەیەکی نزیکدا زەوییەکانیان بەسەردا دابەش دەکرێت."

وەزیری شارەوانی بە ناوی خۆی و پارێزگاری هەولێر و سەرجەم فەرمانبەرانەوە، سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بڕیاری دابەشکردنی زەوی و گوتی: "ئەمە کارێکی زۆر گونجاو و باش بوو بۆ خزمەتی فەرمانبەران و حکوومەت لەم کارانە بەردەوام دەبێت." هەروەها دەستخۆشی لە پارێزگار و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کرد کە بە شەونخونی کاریان کردووە بۆ ئەوەی فەرمانبەران بە زووترین کات سوودمەند بن.

سەبارەت بە رێکارە یاساییەکانی دوای تیروپشک، ساسان عەونی دڵنیایی دایە فەرمانبەران و گوتی: "بە زووترین کات رێوشوێنی بە تاپۆکردنی زەوییەکانیش تەواو دەبێت" تاوەکو فەرمانبەران بتوانن بە شێوەیەکی یاسایی سوود لە زەوییەکانیان وەربگرن.