سەرەڕای بانگهێشتکردنیان؛ فالح فەیاز و چەند بەرپرسێکی باڵا ئامادەی پەرلەمان نەبوون

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و دوو بەرپرسی دیکەی باڵای ئەمنی، سەرەڕای بانگهێشتی فەرمی، ئامادەی دانیشتنی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان نەبوون، کە تایبەت بوو بە لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی بۆردومانکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی.

رۆژی پێنجشەممە 20ی ئابی 2026، شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند؛ هەرچەندە بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و عەبدولئەمیر شەممەری، بەرپرسی ئۆفیسی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بەرپرسی ئۆفیسی عەلی زەیدی نێردرابوو تاوەکو بێنە پەرلەمان، بەڵام ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون.

دووبەردانی ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیار بوو ئەو بەرپرسانە لەبەردەم لیژنەی ئاسایش و بەرگری روونکردنەوە بدەن لەبارەی ئەو هێرشانەی کرایە سەر بنکەکانی حەشدی شەعبی لەلایەن سعوودیە و ئەمریکاوە، بەڵام بەبێ هیچ روونکردنەوەیەک ئامادە نەبوون، ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە لە پەرلەمان چاوەڕێی هاتنی ئەو فەرماندە سەربازییانە بوون.

هاوکات، بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەڵێن؛ پێش هێرشەکانی سعوودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فالح فەیازی لە مەترسیی هێرشەکان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام ناوبراو هیچ رێکارێکی پێویستی بۆ پاراستنی بنکەکان نەگرتووەتە بەر.

ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن کە رۆژی 20ی ئابی 2026، پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی راستیگەڕی بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار (ئەحمەد خەزعەلی) پێکهێنا، بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی وەرنەگرتنی رێکاری خۆپارێزی و چۆڵنەکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی پێش ئەوەی لە لایەن ئەمریکا و سعوودیەوە بکرێنە ئامانج. ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە لە ماوەی رابردوودا چەندین بارەگای ئەو هێزە لە ناوچە جیاوازەکان بۆردومان کران و پەرلەمانتاران دەیانەوێت وردەکاریی ئەو کەمتەرخەمییانە بزانن کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی کارمەندەکانیان.