مەسرور بارزانی بۆ ئەلمۆنیتەر: هیوادارم کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆشایی ئەمنی دروست نەکات

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان،، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ "ئەلمۆنیتۆر"، سەرنجی خستە سەر داهاتووی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و سیستەمی بەرگریی پاتریۆت، هێرشە درۆنییەکان، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، دۆخی ناوچەکە و ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەلمۆنیتەر: پێشتر ئاماژەت بە هێرشە درۆنییەکەی 17ی ئاب کردبوو بۆ سەر نووسینگەکەت و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، وەک پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان ناوت برد. دەبێت ئەوەش بڵێین کە هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئێرانەوە و هەتا پێشتریش، زیاتر لە 1،000 هێرشی درۆنی کراوەتە سەر لەلایەن ئێران یان میلیشیا پەیوەندیدارەکانی بەو وڵاتە. بە بڕوای بەڕێزتان هۆکار و مەبەست لە پشت ئەم هێرشانەوە چییە؟

مەسرور بارزانی: لە سەرەتادا، ئێمە سەرکۆنەی ئەم هێرشە ناحەق و بێ پاساوانە دەکەین. وەک پێشتریش ئاماژەم پێداوە، لەم ماوەیەدا زیاتر لە 1,000 هێرش کراون؛ نەک تەنیا بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا، بەڵکوو بۆ سەر ژێرخانی ئێمە، کەرتی وزەمان، هەندێک لە بنکە سەربازییەکانمان و لەم دواییانەشدا شوێنی نیشتەجێبوون. دوا هەوڵی هێرشکردنیش بۆ سەر نووسینگەی تایبەتیی خۆم بوو.

هەڵوێستی ئێمە لە رۆژی یەکەمەوە زۆر روون بووە: ئێمە نەمانویستووە ببینە بەشێک لەم ململانێیە. ئێمە هانی هیچ دراوسێیەکمان نەداوە و هەڕەشەشمان لە ئاسایشی هیچ کامێکیان نەکردووە. کەواتە بۆچی هێرشمان دەکەنە سەر؟ ئەمە پرسیارێکە کە بە بڕوای من دەبێت لە خۆیان بپرسرێت.

ئێمە هەروەها پێویستیمان بە روونکردنەوە هەیە. پێویستە لەلایەن ئەوانەوە روونکردنەوەمان پێبدرێت کە بۆچی ئەم هێرشانە دژی کوردستان دەکرێن، لە کاتێکدا کوردستان بۆ ئاسایشی هیچ وڵاتێکی ناوچەکە هەڕەشە نەبووە.

بەپێی تێڕوانینی ئێمە، ئەوان تەنیا هەوڵ دەدەن ترس بڵاوبکەنەوە و رەنگە بیانەوێت بمانکێشنە ناو شتێکەوە کە ئێمە بە توندی رەتی دەکەینەوە و نامانەوێت ببینە بەشێک لەم ململانێیە. 

بەڵام ئێمە بەرپرسین لە پاراستنی گەلەکەمان و ژێرخانەکەمان و بەردەوامیش دەبین لەسەری. هیواداریشم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکوومەتی فیدراڵیی عێراقیش هاوکاریمان بکەن لە پاراستنی سەروەری و یەکگرتووی تەواوی وڵات بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی.

 

ئەلمۆنیتەر: وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و بانگەشەی کرد کە ئێران بەرپرسیار نییە.

مەسرور بارزانی: بەڵێ، ئێمەش وامان بیست و ئەوان بە فەرمی سەرکۆنەیان کرد و جێگری سەرۆک کۆماریش هەمان شتی گوت. ئەوەی ئێمە دەیزانین ئەوەیە کە ئەم درۆنانە لە جۆری (حدید-110)ی دروستکراوی ئێرانن و لە ئێرانەوە هاتبوون. 

ئەی کەواتە کێ هێرشەکەی کردووە؟ کێ لە پشتیانەوەیە؟ کێ بەرپرسە لێیان؟

من پێم وایە ئەوە ئەرکی دەسەڵاتدارانی ئێرانە بزانێت چۆن درۆنێکی لەو شێوەیە کە هیچ کەسێکی تر نییەتی، لەلایەن کەسێکی ترەوە بەکاربهێنرێت و لە ناوخۆی عێراقەوە ئاراستەی ئامانجەکانی دەرەوەی وڵات بکرێت. بۆیە ئەمە پرسیارێکە پێم وایە دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێران وەڵامی بدەنەوە و بە هەمووانی بڵێن کێ بەرپرسە لەم هێرشانە.

 

ئەلمۆنیتەر: محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ، لە عێراقە. ئایا چاوەڕێ دەکەیت ئەم بابەتە، هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بخرێتە روو؟

مەسرور بارزانی: بەڵێ، بڕوام وایە ئەم بابەتە باس دەکرێت، چونکە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، زۆر هاوکار بووە. ئەو پێشتریش سەرکۆنەی هێرشەکانی کردووە و داوای لێکۆڵینەوەی لەم دەستدرێژییە کردووە. بۆیە پێشبینی دەکەم باسی ئەم بابەتە و هەروەها هەندێک لەو بابەتانە بکەن کە بۆ هەردوولا گرنگن.

 

ئەلمۆنیتەر: ماڵپەڕەکەمان هەواڵی کشانەوەی سیستەمی پاتریۆت و کارمەندانی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستان پێش وادەی دیاریکراوی 30ی ئەیلوول بڵاوکردەوە. ئەمە چۆن کاریگەریی سەر بارودۆخی ئاسایشی ئێوە کردووە؟

مەسرور بارزانی: باشە، وەک دەزانن، ئێمە بە 1،000 هێرشی درۆنی و مووشەکی کراوینەتە ئامانج، بۆیە ئێمە تەنیا گریمانەی ئەوە ناکەین کە ئاسایش و سەقامگیریمان لە هەڕەشەدایە، بەڵکوو بە واقیعی لە هەڕەشەدایە و هێرش کراوەتە سەرما. قوربانی هەبووە، زیان بە ژێرخان و دامەزراوەکانمان گەیشتووە. 

بێگومان، ئێمە هەوڵمان داوە و داوامان لە هاوڕێکانمان کردووە، بە ویلایەتە یەکگرتووەکانیشەوە، کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی گونجاومان بۆ دابین بکەن دژی ئەم درۆن و مووشەکانە. 

بەداخەوە، تا ئێستا نەمانتوانیوە سیستەمێکی کاریگەر بەدەست بهێنین کە بتوانێت لەم هەڕەشانە بمانپارێزێت. تا ئێستا پشت بەو پشتیوانییە دەبەستین کە دۆستە ئەمریکییەکانمان، بە سوپاسەوە، بۆ ناوچەکەیان دابین کردووە، کە زۆر سەرکەوتوو بووە لە تێکشکاندنی زۆربەی مووشەک و درۆنەکان. 

بەڵام بێگومان نەیانتوانیوە هەموویان تێکبشکێنن، چونکە رووبەرەکە یان ئەو ناوچەیەی دەبێت بپارێزرێت زۆر دیاریکراوە. 

بۆیە ئێمە پارێزراو نین، ئەمە ناوچەیەکە بەداخەوە لە شوێنێکی زۆر ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵکەوتووە. ئەم هێرشانەش ناکرێت بەردەوام بن. 

کشانەوەی ئەم سیستەمانەی بەرگریی ئاسمانی بە دڵنیاییەوە دەمانخاتە مەترسییەوە. بۆیە ئێمە نامانەوێت ئەم کشانەوەیە بۆشاییەکی ئاسایش جێبهێڵێت کە ناپارێزراو بمانهێڵێتەوە. 

هیوا دەخوازین لەگەڵ هاوڕێکانمان رێگەیەک بدۆزینەوە کە بتوانین دەستمان بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، سیستەمی دژە درۆن و جۆرێک لە توانای بەرگری بکەوێت، تاوەکوو نەک تەنیا خۆمان بپارێزین، بەڵکوو هەموو ئەوانەشی لە کوردستان دەژین، کەرتی وزەمان، ژێرخانەکەمان و تەواوی ناوچەکە بپارێزین. 

ئەمە زۆر پێویستە، و من ئەم دەرفەتە دەقۆزمەوە بۆ ئەوەی داوا لە هاوڕێکانمان، لە هەموو هاوڕێکانمان دەکەم کە هاوکاریمان بکەن لە بنیاتنانی ئەم توانایانە تا بتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین.

 

ئەلمۆنیتەر:  ئایا ئەم گفتوگۆیانەتان لەگەڵ حکوومەتی ئەمریکا دەستپێکردووە بۆ بەهێزکردن و گەشەپێدانی ئەو توانایانە بۆ خۆتان؟ ئایا ئەمە گفتوگۆیەکی بەردەوامە؟

مەسرور بارزانی: بەڵێ، بێگومان. مەبەستم ئەوەیە ئەمریکا هاوڕێمانە؛ هاوبەشمانە. ئەوان ئاسایش و بەرگرییان بۆ دابین کردووین، بێگومان ئێمەش ئەم بابەتەمان لەگەڵیاندا باسکردووە و خستوومانەتەڕوو، و بەردەوام دەبین لە داواکردنی پشتیوانییان تا سیستەمی بەرگریی گونجاومان بۆ دابین دەکرێت.

 

ئەلمۆنیتەر: تۆم بەڕاک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا، لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی 17ی ئابدا، بە شەخسی ئاماژەی بە تۆ کرد وەک دۆست و هاوبەشێکی بەنرخمان و بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش گوت هاوپەیمانی جێی بڕوای کوردی ئێمە. مێژوویەک لە بڕوا، هاوکاری و نیازپاکی لە نێوان واشنتن و کوردانی باشوور هەیە، لەوانە دژایەتیکردن و رووخاندنی سەدام حوسێن، پشتیوانیکردنی گواستنەوەی دیموکراتی لە عێراق، جەنگی دژی داعش و زیاتریش. ئایا هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و حکوومەتی هەرێم ئەمڕۆش بە هەمان ئەندازەی رابردوو بەنرخە؟ یان زیاتر؟ تۆ چۆن پێناسەی دەکەیت؟

مەسرور بارزانی: بێگومان، پەیوەندییەکەی ئێمە زۆر بەنرخە. ئێمە زۆر شانازی دەکەین کە هاوپەیمان و هاوبەشی ئەمریکاین، و زۆر سوپاسگوزاری باڵیۆز بەڕاکم بۆ راگەیەندراوەکەی و پشتیوانییەکانی. 

ئەمە بۆ من بە شەخسی مانای زۆرە، و ئەو هاوڕێ و هاوپەیمانێکی زۆر باش بووە، هەروەها بە باشی ناوچەکە دەناسێت. ئەو هەوڵی داوە هاوکار بێت لە سەقامگیرکردنی تەواوی ناوچەکە، نەەک تەنیا لە عێراق بەڵکوو سووریا و ناوچەیەکی بەرفراوانتریش، و من زۆر خۆشحاڵم کە دەتوانین لەگەڵیدا کار بکەین و بیرۆکەکانمان ئاڵوگۆڕ بکەین دەربارەی چۆنیەتی سەقامگیرکردنی وڵاتەکە، و هەروەها لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەموو هاوپەیمانەکانی ئەی تر لێمان. 

ئێمە لە پەیوەندیی بەردەوامداین. بەڵام وەک دەزانن، ئەمریکا هەمیشە دۆست و هاوپەیمانێکی جێی بڕوا بووە بۆ کوردستان و کورد. بەتایبەتی، ئێمە زۆر پێزانین و سوپاسگوزارین بۆ هەموو ئەوەی ئەمریکییەکان بۆیان کردووین، و پێمان وایە ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک ئەم پەیوەندییە زۆر گرنگە. 

ئێمە دەزانین هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کەم دەبنەوە، بەڵام هیوا دەخوازین پەیوەندییەکانمان لەوە زیاتر بڕوات و بە شێوازی جیاواز بەردەوام بێت. 

بەڵام ناتوانم بە تەواوی جەخت لەسەر بەهای ئەو پەیوەندییە لەگەڵ هاوڕێ ئەمریکییەکانماندا بکەینەوە.

 

ئەلمۆنیتەر: تۆ گەلێک جار پشتیوانیی خۆت بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕیوە. چۆن وەسفی ئەو پەیوەندییە دەکەیت، بەتایبەتی بەراورد لەگەڵ حکوومەتی پێشووی عێراق؟ چ ئاڵنگارییەک دەبینیت؟

مەسرور بارزانی: من عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران وەک سەرکردەیەک و دۆستێکی راستەقینە و جێی بڕوا دەبینم، و ئەو کارە راستەکە بۆ وڵاتەکە دەکات. 

ئێمە پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ ئەو و بۆ کارەکانی دەربڕیوە، چ لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی یان هەوڵدان بۆ هێنانی تەواوی گرووپەکان لەژێر سەروەریی یاسا و چەک داماڵینی میلیشیاکان. 

مەبەستم ئەوەیە، ئەوە شتێکە کە عێراق ئەمڕۆ پێویستی پێیەتی، بۆیە ئەو پشتیوانیی تەواوی ئێمەی هەیە. ئێمە پشتیوانیمان کردووە. 

دیارە کێشەی دیکەش هەن کە وڵاتەکە پێوەی دەی ناڵێنێت، وەک ئابووری و هەندێک لە کێشەکانی رابردوو. 

ئەو هەوڵ دەدات رێگەچارە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بدۆزێتەوە و بەرەنگاریان ببێتەوە، و پشتیوانیی ئێمەشی هەیە. ئێمە تا ئێستا بێ مەرج پشتیوانیمان کردووە و بەردەوام دەبین و بەو هیوایەی سەقامگیریی زیاتر بۆ وڵاتەکە بهێنین و ئاسایشی زیاتر بۆ هەموو گەلانی عێراق دابین بکەین، بە  کوردستانیشەوە.

 

ئەلمۆنیتەر: دوای 30ی ئەیلوول چی لە عێراق روو دەدات، کە دوا مۆڵەتە بۆ ئەوەی میلیشیا چەکدارەکانی مابێنەوە چەکەکانیان رادەست بکەن؟

مەسرور بارزانی: هیوا دەخوازم هەموو کەسێک پابەندی یاسا و بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران بێت ئەگەر بڕیار بدات کە دەبێت هەمووان چەکە تۆمارنەکراوەکان و هێزەکان رادەستی حکوومەت بکەن. 

دەبێت حکوومەت خاوەندارێتی لەم چەکانە بکات و ئەم گرووپانەش دەبێت لەناو هێزەکانی عێراقدا تێکەڵ بکرێن. 

هیوا دەخوازم هەمووان گوێ بگرن و هاوکاری سەرۆکوەزیران بکەن. ئەگەر نا، پێم وایە ئەوا دەبێت خۆیان بەرپرسیارێتی لێکەوتەکان بگرنە ئەستۆ. 

پێم وانییە هیچ کەسێک بیەوێت رووبەڕووبوونەوەی سەربازی یان هەر جۆرە پشێوییەک لە وڵاتدا ببێنێت، بەڵام بێگومان دەبێت حکوومەت ئەوەی پێویستە بیکات بۆ پاراستنی گەلەکەی، بۆ پاراستنی سەروەرییەکەی و هەروەها بەرگریکردن لە وڵاتەکە. 

کەواتە، ئەگەر سەرۆکوەزیران هاوکاری لە هەموو لایەنەکانەوە بەدەست نەهێنێت، ئەرکێکی زۆر سەخت دەبێت.

 

ئەلمۆنیتەر: بەشێکی زۆریش بەندە بەوەی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێراندا چی روو دەدات، وایە؟ لەو رووەوە ئایا ململانێکان پەرە دەستێنن یان جۆرێک لە چارەسەر دروست دەبێت؟

مەسرور بارزانی: ،خەڵک هەمیشە بابەتەکانی عێراق بەوەوە دەبەستنەوە کە لە ئێران روو دەدات، کە بەهۆی هەندێک هۆکاری روونەوە راستە. ئەوەی لە ناوچەکەدا روو دەدات کاریگەریی هەیە و رەنگدانەوەی بەسەر بارودۆخی ناوخۆی عێراقەوە دەبێت. 

بەڵام ئەمە بابەتە پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، و دەبێت عێراقییەکان سەرەتا بیر لە بەرژەوەندیی نیشتمانی خۆیان و ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەیان بڕکەنەوە، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی ئەوە بکەم جەنگی ئێران بەرەو کوێ دەچێت. 

گەلی عێراق پێویستە بیر لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی بکاتەوە، و دەبێت پشتیوانی سەرۆکوەزیران بکەن کە هەوڵ دەدات عێراق لە هەموو ئەم مەینەتی و کێشە و ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی بووەتەوە، دەربێنێت.

 

ئەلمۆنیتەر: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر سەرکردایەتی بەڕێزتان، هاوبەشێکی سەرەکی بووە لە پشتیوانیکردنی سیاسەتی ئەمریکا بۆ سەقامگیری و تێکەڵاوبوون لە عێراق، تورکیا و سووریا، لەوانەش وەک نێوەندگیرێکی زۆر گرنگ لە ناونیشاندانی پرسی کورد لە سووریا و تورکیا. رۆڵی هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا چۆن دەبینیت، و چۆن کاریگەریی هەبووە لەسەر پەیوەندییەکانتان لەگەڵ هەردوو وڵاتدا؟

مەسرور بارزانی: ئێمە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ تورکیا هەیە وەک دەزانن، و ئێستاش پەیوەندیی باشمان لەگەڵ حکوومەتی سووریاشدا هەیە. ئێمە پەیوەندیی مێژووییمان لەگەڵ گەلانی هەردوو لای سنووردا هەیە. ئەزموونێکی درێژخایەنمان هەیە؛ مێژوویەکی زۆر تێدایە. ئێمە بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە، و هەروەها گەلێک بەهای هاوبەش و بەرژەوەندی هەن کە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەرماندا هاوبەشین. لەم پرسە باسی تورکیا و سووریا دەکەیت. 

ئێمە هەوڵمان داوە توخمێکی ئەرێنی و بنیاتنەر بین بۆ هاوکاریکردنی پڕۆسەی دەستپێشخەریی ئاشتی لە تورکیا و هەروەها دووبارە تێکەڵبوونەوە و سیستەمێکی تەواو نوێ لە سووریا. رۆڵی ئێمە پشتیوانیکردنی ئەو وڵاتانە بووە، و تا ئێستا پێم وایە ئێمە دڵخۆشین بەوەی کردوومانە و بەوەی بەدەستمان هێناوە.

 

ئەلمۆنیتەر: لە لایەنی ئابوورییەوە، ئیدارەی ترەمپ ئەولەوییەتی داوە بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە هاوکار ببن لە گەشەپێدانی ئابووری و وزەی عێراق، لەوانەش لە هەرێمی کوردستان، وەک پشتیوانییەک بۆ تێکەڵاوبوونی هەرێمی لە نێوان عێراق، تورکیا و سووریا، بە فراوانکردنی تۆڕی بۆرییە هەرێمییەکانیشەوە. ساڵی رابردوو، 'ئەلمۆنیتەر' میوانداریی کۆنفرانسێکی گەورەی کرد دەربارەی توانای وزەی هەرێمی کوردستان، بە بەشداریی تۆ، وەزیری وزە کریس رایت، و شارەزایان و رابەرانی ئابووریی دیار، کە هەموویان شایەتییان دا لەسەر ئەم رۆڵە و توانایە. لەژێر رابەرایەتیی تۆدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی گەورەی نا بە جێبەجێکردنی میکانیزمێک بە پشتیوانیی واشنتن، کە تێیدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکاندا پابەند بوو بە فرۆشتنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ). میکانیزمێکی لەو شێوەیە ئامادەیی و رۆڵی ئێوە وەک یاریزانێکی سەرەکی لە هەناردەکردنی سەرچاوەکانی وزەتان بۆ ناوچەکە پشتڕاست دەکاتەوە. پێم وایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیوادارە بە تێپەڕبوونی کات هاوبەشییەکانی لەگەڵ حکوومەتی ئەمریکا و کۆمپانیا ئەمریکییەکان قووڵتر بکاتەوە لە پشتیوانیکردنی سیاسەتی ئەمریکا بۆ تێکەڵاوبوونی ئابووریی هەرێمی؟

مەسرور بارزانی: بەڵێ، بێگومان. با لەوەوە دەست پێبکەم کە ئێمە بە جددی هاوبەشی سیاسەتەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاین بۆ بازرگانی نەک ململانێ.

ئێمە بڕوامان وایە بەهێزیی ئابووری هاوکار دەبێت لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا. بەهێزیی بازرگانیی ئابووری و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان هاوکار دەبێت لە هێنانی سەقامگیری و پاراستنی زیاتر بۆ تەواوی ناوچەکە. بۆیە ئێمە زۆر پشتیوانی لەم سیاسەتە دەکەین، و بەشە ئەرکی خۆمان ئەنجام داوە لە رووی زیاترکردنی بازرگانیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەروەها هێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی تر بۆ هەرێمی کوردستان، نەک تەنیا لە کەرتی وزەدا. بێگومان کەرتی وزە کەرتی سەرەکییە کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان تێیدا بەشدارن، بەڵام هەروەها لە بوارەکانی کشتوکاڵ، ژێرخان، تەکنەلۆژیا و زۆر کەرتی تر کە پێویستمان پێیانە.

ئێمە هیوا دەخوازین کۆمپانیا ئەمریکییەکان سەیر بڕکەن کوردستان شوێنێکی سەرنجڕاکێشە بۆ سەرمایەگوزاری و کارکردن لەگەڵماندا، چونکە ئەمە هاوبەشییەکی بەسوود دەبێت و لە سەرووی پەیوەندییە ئاسایشییەکانمان دەبێت لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا. پەیوەندییە ئابوورییەکان دەکرێت هاوکار ببن لە بارودۆخی ئەمنییەکاندا. 

بازرگانیمان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر بڕێکی زۆر لە گرژییەکان کەم دەکاتەوە و ئاشتی و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ ناوچەکە دەهێنێت. 

ئێمە لە رابردوودا هەوڵمان دا. هەندێک کێشەمان لەگەڵ حکوومەتی پێشووی بەغدا هەبوو کە بازرگانیمانی لەگەڵ تورکیا کەم کردەوە. هیوا دەخوازین ئەمە چارەسەر بێت و بازرگانی لەگەڵ تورکیا و هەروەها سووریا دەست پێبکەینەوە. توانای دروستکردن و دەرفەتی زۆر گەورە هەن. 

بەڵام ئەم پێشکەوتنە بەبەردەوام بەهۆی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانەوە ئاستەنگی بۆ دروست بووە و راگیراون، هەندێک جاریش بە بڕیاری ئانقەست بۆ سنووردارکردنی گەشەی ئابووری لە کوردستان، کە لە کۆتاییدا هاوکار دەبێت لە گەشەی ئابووریی عێراق و تەواوی ناوچەکە. 

بۆیە ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە لێمان گەڕێن ئەم دەرفەتانە و ئەم سەرچاوانەی لە کوردستان هەمانە بەکاربهێنین بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتر و بەشداریکردنی زیاتر لە خۆشگوزەرانیی ئابووری و لە کۆتاییشدا، وەک گوتم، بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە. کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەمیشە بەخێرهاتنیان لێ دەکرێت. 

ئێمە هەمیشە بە گەرمی پێشوازیمان لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردووە، و لە راستیدا ئەمە دەستپێشخەریی خۆمان بووە لە سەرەتاوە بۆ ئیمزا کردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، کە بەغداشی هان دا هەمان شت بکات. 

کەواتە هێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی دیکە بۆ سەرمایەگوزاری لە وڵاتەکەدا زۆر گرنگە بۆ هەردوولا، بەڵام لە هەمان کاتدا گرنگە پارێزگاری لەم سەرمایەگوزارییانە و ژێرخانە بکرێت کە لە تەواوی وڵاتدا بنیات نراون. 

بۆیە ئێمە نەک تەنیا پێویستمان بە هێنانی کۆمپانیای زیاترە، بەڵکوو پێویستمان بە دابینکردنی ژینگەیەکە کە سەرمایەگوزارییەکان، کارمەندەکانیان و بەرژەوەندییەکانیان لە هەرێمەکەماندا پارێزراو بن.

 

ئەلمۆنیتەر: زۆر سوپاس بەخشینی کاتەکەت بە ئێمە. دوا پرسیار: ئایا دەتوانیت نوێترین زانیاری لەسەر رووداوەکانی هەرێمی کوردستانمان پێببەخشیت؟ هۆکارەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت چیین؟ ئەم دواکەوتنە چۆن کاریگەریی هەبووە لەسەر حوکمڕانی و پەیوەندیتان لەگەڵ بەغدا؟

مەسرور بارزانی: زۆر بەداخەوە کە نەمانتوانیوە دوای زیاتر لە 20 مانگ حکوومەت پێکبهێنین. بەڵام ئەمە خواستی ئێمە نەبووە. بە شەخسی، ئەوە ویستی من بووە کە دەستبەجێ حکوومەت پێکبهێنین. 

بەداخەوە کە هاوبەشەکانمان هەمان تێڕوانینیان لەگەڵ ئێمەدا نەبوو. ئێمە لە هەر لە سەرەتاوە دەمانویست حکوومەتێکی گشتگیرمان هەبێت. دەمانویست یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ببێتە هاوبەشی سەرەکیی ئێمە لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوودا. 

بەداخەوە، ئەوان ویستیان چاوەڕێ بکەن تا دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق. پێشبینی جیاوازیان هەبوو، بەڵام دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، پارتی ئێمە بوو کە زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکوو لە تەواوی عێراقدا. 

هیواخواز بووین ئەوە ببێتە هۆی هاندانی پێکهێنانی حکوومەت، بەڵام نەبوو. 

پێکنەهێنانی حکوومەت کاریگەریی نەرێیی لەسەرمان هەبووە، و تەنانەت هاوبەش و هاوڕێکانمان لە تەواوی جیهان هانمان دەدەن بۆ کردنی ئەم کارە. ئێمەش ئەوەمان دەوێت. هەڵبژاردنمان کرد، و دەبوو پەرلەمان کۆببێتەوە و دەست بە کارەکانی بکات 

بەڵام ئێمە تاکە لایەنین داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەین. داوا دەکەین پەرلەمان دەست بە کارەکانی بکاتەوە. ئەوانەی رێگری لەوە دەکەن و پەرلەمانیان بە بارمتە گرتووە دەبێت بەرپرسیا بکرێن. 

بە شەخسی، من زۆر نائومێد و بێزارم کە تا ئێستا پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە و حکوومەت پێکنەهێنراوە، بەڵام لە کردنی هەموو ئەوەی لە توانامدا هەیە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو بەردەوام دەبم. هیوا دەخوازم هەموو هاوڕێ، هاوبەش و لایەنەکانی دیکە سەیری بەرژەوەندیی گەورەی نیشتمانیی گەلی کوردستان بکەن لە سەرووی بەرژەوەندییە کەسی یان حزبییەکانیانەوە.

دەستی دۆستایەتیم درێژ دەکەمەوە و داوا لە هەمووان دەکەم بێن و پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ پێکهێنانی حکوومەت، کە لە باشترین بەرژەوەندیی گەلی کوردستاندا دەبێت.

تەنیا دەمەوێت جەخت لەسەر یەک شتی دیکە بکەمەوە، دەربارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا.

دەزانم ئەمریکا بڕیاری داوە هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە، و ئێمە پشتیوانی لە بڕیارەکانی ئەمریکا دەکەین. تەنیا هیوا دەخوازین ئەم کشانەوەیە بۆشاییەکی ئاسایش لە ناوچەکەدا جێنهێڵێت. 

ئێمە دەمانەوێت لە پەیوەندییە بەهێزەکانمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە سەرووی هاوکاریی ئاسایشییەوە بەردەوام بین. دەمانەوێت هاوبەشیی ئابووری و پەیوەندییە سیاسییەکانمان فراوانتر بکەین. هەرێمی کوردستان وەک متمانەپێکراوترین و باوەڕپێکراوترین هاوبەشی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.