قاسم عەبوودی: دەستووری عێراق رێگە بە بوونی گرووپی چەکدار نادات
ئەمڕۆ پێنجشەممە، قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە. عەبوودی جەختی کردەوە، دەستووری عێراق رێگە نادات گرووپی چەکدار بوونیان هەبێت و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دیکە دروست بکەن، هەروەها روونیکردەوە، حکوومەت لە هەنگاوەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک بەردەوامە.
نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، لەو دیدارەدا دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و رێگەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران تاوتوێ کراون، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات بکات. هەردوو لا رێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، قاسم عەبوودی ئاماژەی بەوەی بەوەداوە "عێراق پابەندە بەو رێککەوتنە ئەمنییە هاوبەشەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە"، ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە، پەیوەندیی نێوان عێراق و ئێران مێژوویی و توندوتۆڵە، هەروەها روونیکردەوە سەقامگیریی عێراق لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی ناوچەکەدایە.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی روونیکردەوە، حکوومەتی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت و وڵاتانی جیهان بەگشتی دەکاتەوە، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندیی ئابووریی وڵاتەکەدایە.
لە بەرامبەردا، قالیباف دووپاتیکردەوە، ئێران شانازی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق دەکات و پشتیوانی لە بەرنامەی حکوومەت دەکات بۆ دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی، کە چەک لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا رێک بخات، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران روونیکردەوە، وڵاتەکەی پابەندە بەو رێککەوتنە ئەمنییانەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کراون.
دوێنێ چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەسەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتنە بەغدا و لەلایەن جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق عەدنان فەیحان پێشوازی لێکرا.
دوای گەیشتنی شاندەکەی ئێران، قالیباف لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی کۆبووەوە و پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قپڵییەکانی نێوانیان تاوتوێ کرد، بڕیاریشە لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کۆببێتەوە و پرسی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان تاوتوێ بکەن.