زەیدی: بەمزووانە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 رەوانەی پەرلەمان دەکرێت

سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانەی کۆبوونەوەییەکدا پرسی گەشەپێدانی کەرتی خزمەتگوزاری لە پارێزگاکان و هاوکاریی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانانی تاوتوێ کرد و، جەختی لە نزیکبوونەوەی وادەی ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 بۆ پەرلەمان کردەوە.

پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازیی لە ئەندامانی فراکسیۆنی سادیقوون بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانتار عودەی عەواد کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر چەند دۆسیە و بابەتێکی نیشتمانیی پەیوەست بە گەشەپێدانی کەرتی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە لە سەرجەم پارێزگاکان، بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان و، پشتگیریکردنی هەوڵەکانی حکوومەت لە جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کرا.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لەسەر رۆڵی گرنگ و بنەڕەتیی دەسەڵاتی یاسادانان کردەوە لە بەهێزکردنی رێکارەکانی حکوومەت و توانادان پێی بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی، هاوکات ئاماژەی بە گرنگیی رۆڵی چاودێری و یاسادانانی پەرلەمان کرد لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا، لە رێگەی چاودێریکردنی ئەدای دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە.

هەروەها روونی کردەوە، "حکوومەت ئێستا خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـە کە بەمزووانە دەنێردرێت بۆ پەرلەمان".

هاوکات جەختی لەسەر جێبەجێکردنی پلانی حکوموەت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە ساڵانی داهاتوودا کردەوە و، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا پشکێکی گرنگ بۆ کەرتی کارەبا تەرخان کراوە.

لە لایەن خۆیەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقون، پشتگیریی تەواوی فراکسیۆنەکەی بۆ هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران و سیاسەت و رێکارەکانی حکوومەت دووپات کردەوە، بە تایبەت لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەدیهێنانی چاکسازیی دارایی و کارگێڕی و، لە پێشینەدانی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و پاراستنی سامانەکانی وڵات.