سووریا دەستبەسەرداگرتنی بارێکی گەورەی حەبی 'کاپتاگۆن' رادەگەیەنێت
هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە سووریا، دەستبەسەرداگرتنی 197 هەزار حەبی کاپتاگۆنیان راگەیاند، کە لە نێو داری فڵچەی خاوێنکردنەوەی ماڵاندا شاردرابوونەوە و ئامادەکرابوون بۆ ئەوەی قاچاخ ببرێن بۆ وڵاتێکی دراوسێ.
پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، بەڕێوبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدا بۆ ڕاوەدوونانی تۆڕەکانی قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر، توانیویەتی هەوڵی گواستنەوەی بارێکی گەورەی حەبی هۆشبەر کە بەرەو وڵاتێکی دراوسێ بەڕێوەبوو، بە تەواوی پووچەڵ بکاتەوە و دەستی بەسەردا بگرێت.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، دوای پرۆسەی پشکنین و وردبینی، توانراوە 197 هەزار حەبی هۆشبەری کاپتاگۆن بدۆزرێتەوە، کە بە شێوازێکی لێهاتووانە لە نێو داری فڵچەی خاونیکردنەوەی ماڵان (دار ماسیحە) شاردرابوونەوە.
بە پێی راگەیەنراوەکە، لێکۆڵینەوەکان بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەی سەرجەم تێوەگلاوان و دۆزینەوەی ئەندامانی دیکەی تۆڕەکە، بە مەبەستی دەستگیرکردن و ڕادەستکردنیان بە دادگە بەردەوامە.
بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی حکوومەتی بەریتانیا لە ساڵی 2023ـدا، رژێمی پێشووی سووریا بەرپرسیار بووە لە بەرهەمهێنانی لە %80ـی کۆی حەبی کاپتاگۆنی جیهان.