لویس ساکۆ: سەرۆک بارزانی رۆڵی لە قووڵکردنەوەی بەها بەرزەکانی پێکەوەژیان هەبووە

لویس ساکۆ: سەرۆک بارزانی رۆڵی لە پاراستنی پێکهاتەی مەسیحی هەبووە

کاردیناڵی فەخریی کلدانەکان، پێزانینی بۆ رۆڵی سەرۆک بارزانی لە چەسپاندنی ئاشتی و مرۆڤدۆستی دەربڕی و ئاشکرای کرد، داوای لە پاپای ڤاتیکان کردووە نیشانی ئاستبەرزی رێزلێنانی پاپا بە سەرۆک بارزانی ببەخشرێت.

پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی  لە لویس ساکۆ، کاردیناڵی فەخریی کلدانەکان کرد.

بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کاردیناڵ لویس ساکۆ پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی سەرۆک بارزانی لە قووڵکردنەوەی بەها بەرزەکانی پێکەوەژیان، مرۆڤدۆستی، بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە کوردستان، عێراق و ناوچەکەدا دەربڕی.

هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد لە بەرامبەر رۆڵە مێژووییەکەیدا لە پاراستنی پێکهاتەی مەسیحی و سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکەی کوردستان و عێراقدا.

کاردیناڵ لویس ساکۆ ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئەو رۆڵە گرنگەی سەرۆک بارزانی لە بڵاوکردنەوەی ئاشتی و بەها مرۆییەکاندا گێڕاویەتی، داوای لە پاپای ڤاتیکان کردووە نیشانی ئاستبەرزی رێزلێنانی پاپا بە سەرۆک بارزانی ببەخشرێت.

لای خۆیەوە، سەرۆک بارزانی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پاپای ڤاتیکان و کاردیناڵ لویس ساکۆ، جەختی لەوە کردەوە کە فەرهەنگی دەوڵەمەندی پێکەوەژیان، تەبایی و ئاشتیخوازی، شانازییەکی مێژوویی گەورەیە بۆ گەلی کوردستان کە بە میرات بۆی ماوەتەوە.

سەرۆک بارزانی هەروەها جەختی لە پاراستنی بەهای برایەتی و تەبایی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان کردەوە و رایگەیاند: "رەفتار و کردەوەی مرۆڤەکان پێوەری سەرەکیی هەڵسەنگاندنیانە، نەک بیر و ئینتیمای ئایینی."