مەزڵووم عەبدی: هەوڵەکانمان بۆ چەسپاندنی مافی گەلی کورد لە دەستووری سووریادا رژدتر دەکەین
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، پڕۆسەیەکی گرنگی کارگێڕی، سەربازی و ئەمنی بەڕێوەدەچێت و گۆڕانکاریی ئیداری دەکرێت. جەختیشی کردەوە تێکۆشانی سیاسییان بەردەوام دەبێت بۆ مسۆگەرکردن و جێگیرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، لە ساڵیادی 100 ساڵەی دامەزراندنی شاری قامشلۆ، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند " ئێمە ساڵیادی 100 ساڵەی قامشلۆ دەکەینەوە بەڵام ئەو نەتەوانەی لەو شارە دەژین مێژوویان بۆ هەزار ساڵ دەگەرێتەوە لەو ناوچەیە، حکوومەتی پێشوو ویستی دیموگرافیای ئەو ناوچەیە بگۆڕێت و ناسنامەی کوردی قەدەخە کرد، هەروەها هەوڵیاندا کێشە و گرفت لەنێوان نەتەوە جیاوازەکان دروست بکات.
مەزڵووم عەبدی جەخت دەکاتەوە، دەبێت لە سووریای نوێدا منداڵان بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن و دەبێت ناسنامەی هەموو نەتەوەکان بپارێزرێت.
پڕۆسەیەکی گرنگ بەڕێوەدەچێت کە یەکگرتنی سەربازی، ئەمنی و کارگێڕی لەخۆدەگرێت، هەروەها لە قۆناخی داهاتوودا گۆڕانکاریی ئیداری ئەنجام دەدرێت."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوە دا، لە سووریای نوێدا سەرجەم دامەزراوە سەربازی و ئیدارییەکان بەرئەنجامی بەرهەمی بەرخۆدان و خوێنی شەهیدانن، هەر بۆیە داوای لە هەموو لایەک کرد بە یەکگرتوویی پشتیوانی لەم دامەزراوانە ببن، تاوەکو دەستکەوتەکان بپارێزرێن و خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ نەچێت.
مەزڵووم عەبدی جەختی لەسەر بەردەوامی و خستنەگەڕی هەوڵی زیاتری سیاسی کردەوە و گوتی "داوا لە هەمووان دەکەم بەیەکەوە هەوڵە سیاسییەکانمان ڕژدتر و بەهێزتر بکەین، بۆ ئەوەی مافەکانی گەلی کورد بە فەرمی لە دەستووری سووریادا بچەسپێندرێن و پارێزگارییان لێ بکرێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەزڵووم عەبدی داوای لە پارێزگار و بەرپرسانی ئیداریی پارێزگای حەسەکە کرد زیاتر خزمەتی هاووڵاتییان و شاری قامشلۆ بکەن و ئاستی خزمەتگوزاریی دامەزراوەکان بەرز بڕسێنن، راشیگەیاند "پێویستە قامشلۆ ببێتە ناوەندێکی فەرهەنگی و سیاسیی دەستنیشانکراو لەسەر ئاستی تەواوی سووریادا."