ڤانس: گوشارە ئابوورییەکان تاران ناچار دەکەن لەگەڵماندا رێکبکەوێت

واشنتن بەردەوامیی فشارەکانی بۆ سەر تاران رادەگەیەنێت؛ جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەخت لە پێویستیی دابینکردنی ئاسایشی گواستنەوەی وزە لە گەرووی هورمز دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە سزاکان وا لە ئێران دەکەن پێداچوونەوە بە هاوکێشەکانی خۆیدا بکات.

پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە کرد، گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران، هاوکێشەکانی ئەو وڵاتە سەبارەت بەو رێککەوتنەی کە دەیەوێت لەگەڵماندا واژۆی بکات، دەگۆڕێت."

 ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم گوشارانە وا لە تاران دەکەن لە نێوان بەردەوامبوونی خنکانی ئابوورییەکەی بۆ هەمیشە، یان بونیادنانی پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ رۆژئاوادا، یەکێکیان هەڵبژێرێت.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، سەرەڕای ئەوەی ئێران لە ماوەی رابردوودا کەشتییە بازرگانییەکانی دەکردە ئامانج؛ بەڵام هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە گواستنەوەی بڕێکی زۆری نەوت و گاز لە رێگەی گەرووی هورمزەوە دابین و پارێزراو بکەن.

هاوکات ڤانس دووپاتی کردەوە، پێویستە لەسەرمان گواستنەوەی پێداویستییەکانی وزە لە گەرووی هورمزەوە زیاتر و پارێزراوتر بکەین."

لە درێژەی قسەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن لە پەیڕەکردنی سیاسەتی گوشاری ئابووری لەسەر ئێران بەردەوام دەبێت، چونکە لە کۆتاییدا ئەم ستراتیژە دەبێتە هۆی بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانییەکانی ئەمریکا.