مەسرور بارزانی: سەرۆک بارزانی درێژەپێدەری باوەڕی راستەقینەی پاکی و مرۆڤدۆستییە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد، بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی ئاستبەرزی رێزلێنانی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان. جەختی لەوە کردەوە،  سەرۆک بارزانی درێژەپێدەری باوەڕی راستەقینەی پاکی و مرۆڤدۆستییە.

پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد، بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی ئاستبەرزی رێزلێنانی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامەکەیدا جەختی لە رۆڵی مێژوویی و سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی کردەوە و نووسیویەتی: "سەرۆک بارزانی وەک سیمبۆڵی ئاشتی، پێکەوەژیان و پارێزەری مافە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان و عێراقە.

هاوکات دەڵێت: سەرۆک بارزانی، درێژەپێدەری رێبازی پیرۆزی بارزان و باوەڕی ڕاستەقینەی پاکی و مرۆڤدۆستییە و شایانی هەموو خەڵات و پێزانینێکە.

مەسرور بارزانی، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئاماژەی بە پاراستنی داهاتووی بەهاکانی تەبایی لە هەرێمەکەدا کرد و رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان لە سایەی رێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانیدا، وەک هەمیشە مەڵبەندێکی گرنگ و گەشی پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەبێت لە ناوچەکە و جیهاندا."

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لویس ساکۆ، کاردیناڵی فەخریی کلدانەکان، سەردانی سەرۆک بارزانی کرد و نیشانی ئاستبەرزی پاپای ڤاتیکانی پێ بەخشی.

کاردیناڵ لویس ساکۆ پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی سەرۆک بارزانی لە قووڵکردنەوەی بەها بەرزەکانی پێکەوەژیان، مرۆڤدۆستی، بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە کوردستان، عێراق و ناوچەکەدا دەربڕی.

هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد لە بەرامبەر رۆڵە مێژووییەکەیدا لە پاراستنی پێکهاتەی مەسیحی و سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکەی کوردستان و عێراقدا.