ئەمریکا.. پیلانێکی داعش بۆ کوشتنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران شکست پێهێنرا

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا، پووچەڵکردنەوەی پلانێکی مەترسیداری رێکخراوی داعشی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی تەقینەوە بۆ سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ لە ویلایەتی نیویۆرک راگەیاند و ژنێکی لایەنگری رێکخراوەکەی دەستگیر کرد کە لە قۆناخی کۆتایی ئامادەکاریدا بووە بۆ کۆمەڵکوژکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ویلایەتەکە.

کاش پاتێل، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI)، پووچەڵکردنەوەی پلانێکی تیرۆریستیی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی تەقینەوە بۆ سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ لە ویلایەتی نیویۆرک راگەیاند، هاوكات دەستگیرکردنی ژنێکی ئاشکرا کرد کە بەیعەتی بە ڕێکخراوی داعش دابوو و گەیشتبووە قۆناخێکی پێشکەوتووی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە.

پاتێل ئاماژەی بەوە کرد، تۆمەتبار "جێسیکا بۆی"، پلانی داڕشت بوو بۆ بەئامانجگرتنی باڵەخانەی کاپیتۆڵ لە شاری و کوشتنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ویلایەتەکە لە کاتی کۆبوونەوەی فەرمییاندا.

بەپێی ئەوەی لە سکاڵا یاساییەکەدا هاتووە، "بۆی" لە لێکۆڵینەوەکاندا رایگەیاندووە کە ویستوویەتی "زۆرترین بەشی باڵەخانەکە وێران بکات" و "ئەندامانی ئەنجومەنی پیران لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەیاندا بکوژێت".

بەڕێوەبەری FBI ڕوونی کردەوە، کە پیلانەکە گەیشتبووە قۆناخێکی پێشکەوتوو و مەترسیدار، بەو پێیەی تۆمەتبارەکە بە لانی کەمەوە 5 جار چاودێریی مەیدانیی باڵەخانەی کاپیتۆڵی کردووە و تەنانەت ماددەی پێویستیشی بۆ دروستکردنی بۆمبی چێندراو کڕیبوو. لە بەرامبەر ئەمەشدا، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا تۆمەتی هەوڵدان بۆ پێشکەشکردنی پشتگیریی ماددی و دابینکردنی سەرچاوە بۆ رێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانیی قەدەخەکراویان ئاراستەی ناوبراو کردووە.

بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئاشکرای کرد، کە لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تا ئێستا، دەزگاکەیان توانیویەتی سەرکەوتووانە رێگری لە زۆتر لە 400 هێرش و پیلانی تیرۆریستیی هاوشێوە لە ناوەوە و دەرەوەی ئەمریکادا بکات، ئەمەش بەهۆی بەهێزکردنی تواناکانیان لەگەڵ دەزگاکانی دژە سیخوڕی لە جیهاندا.