ترەمپ: رێککەوتن لەگەڵ ئێران ئاسان نییە

"ئێمە کۆنترۆڵی گەرووی هورمزمان کردووە"

سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا رایگەیاند: کە هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئێرانیان بە تەواوی لەناو بردووە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە واشنتن کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر گەرووی هورمزدا هەیە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 21ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا پێگەی سەربازی و ئابووریی تارانی بە توندی رەخنەباران کرد و گوتی: ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هاوکات دووپاتی کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمزیان کردووە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد،"ئەگەر ئێران ببایە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بێگومان بەکاری دەهێنا و ئیسرائیل و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێ لەناو دەبرد."

ترەمپ لە درێژەی لێدوانەکەیدا جەختی لە پەکخستنی تواناکانی تاران کردەوە و رایگەیاند: "ئێمە هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێرانمان بە تەواوی لەناو بردووە؛ بۆیە ئێستا بەستنی هیچ رێککەوتن و لێکتێگەیشتنێک ئاسان نییە، چونکە هێزی سەرکردایەتیی ئێرانمان تێکشکاندووە و کەس نازانێت کێ ئاڕاستەی ئەو وڵاتە دەکات."

سەرۆکی ئەمریکا هاوکات سەرنجی بۆ کەمبوونەوەی توانای بەرگریی تاران راکێشا و ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە ئێران ئێستا خاوەنی چەند مووشەک و درۆنێکە، بەڵام توانای پیشەسازی و بەرهەمهێنانیان بە بەراورد بە 5 مانگ لەمەوبەر بە شێوەیەکی ئێجگار بەرچاو و مەترسیدار دابەزیوە.

لە رووی ناوخۆیی و داراییەوە، دۆناڵد ترەمپ بارودۆخی ئێران بە داڕماو وەسف کرد و رایگەیاند: کە رێژەی هەڵاوسانی دارایی لەو وڵاتەدا گەیشتووەتە %300 بە جۆرێک کە حکوومەت توانای پێدانی مووچەی سوپا و هێزە چەکدارەکانی خۆشی نەماوە.