کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جۆرج واشنتن" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگەی "ئەبراهام لینکن" دەگرێتەوە
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی "CNN"ی ئەمریکی راگەیاندووە، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکن" گەشتی گەڕانەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێکردووە. ئەم بڕیارەش دوای گەیشتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جۆرج واشنتن" دێت بۆ ناوچەکە بە مەبەستی جێگرتنەوەی و کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر تیمی ئەبراهام لینکن.
سوپای ئەمریکا پێشتر پشتڕاستی کردبووەوە کە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جۆرج واشنتن" رۆژی چوارشەممە گەیشتووەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گەڕانەوەی ئەبراهام لینکن لە کاتێکدایە کە ئەو کەشتییە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە دەریادا مابووەوە، بەتایبەت لە کاتی گرژییەکانی ناوچەکە و ململانێ لەگەڵ ئێران، ئەمەش نیگەرانی لای ئەندامانی کۆنگرێس و خێزانی سەربازەکان دروستکردبوو سەبارەت بە تێکچوونی باری دەروونی و خراپیی بارودۆخی ژیانی سەربازانی سەر کەشتییەکە.
بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، لە مانگەکانی رابردوودا دوو سەربازی سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکن" خۆیان هەڵداوەتە ناو دەریاوە، بەڵام لەلایەن هاوکارەکانیانەوە رزگارکراون، هەروەها باس لەوە دەکرێت کە چەندین هەوڵی دیکەی خۆکوشتن لەناو کەشتییەکەدا پووچەڵکراونەتەوە. لە بەرامبەردا هێزی دەریایی ئەمریکا بۆ CNN دووپاتی کردووەتەوە کە "هیچ زیادبوونێکی لە ئارەزوو یان هەوڵەکانی خۆکوشتن لەسەر کەشتییەکەدا بەدی نەکردووە".
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانییەکانی سەبارەت بە درێژبوونەوەی ماوەی ئەرکی ئەو کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە رەتکردەوە و رایگەیاند، مانەوەی کەشتییەکە بۆ ماوەی نزیکەی 9 مانگ "ئەوەندە درێژ نەبووە". هەروەها پیت هیگسێس، وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە بارودۆخی ناو کەشتییەکە بە شێوەیەکی "زۆر هەڵە" وێنا کراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە رێنماییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە کە پێویستە ئەرکی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان لە 7 مانگ زیاتر تێنەپەڕێت.
هاوکات ژمارەیەک لە نوێنەرانی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس، لە نێوانیاندا سیناتۆر ریتشارد بلۆمێنتاڵ، داوای وەڵامیان کردووە سەبارەت بەو نیگەرانییانەی خێزانی سەربازەکان ئاراستەیان کردوون. یەکێک لە ئەندامانی تیمی "ئەبراهام لینکن" ورەی ناو کەشتییەکەی بە "زۆر نزم" وەسف کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە بەردەوام کێشە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا هەبووە، وەک پچڕانی ئاوی گەرم و پەککەوتنی دەستشۆرەکان.
سەربازانی دیکە بۆ CNN باسیان لەوە کردووە کە ئەم گەشتەیان جیاواز بووە لەوانی پێشوو، چونکە بەهۆی بارودۆخی جەنگ و گرژییەکانەوە، کەشتییەکە نەیتوانیوە لە بەندەری وڵاتانی هاوڕێدا بوەستێت و تیمی ناو کەشتییەکە پشوو بدەن، ئەمەش وایکردووە بۆ ماوەیەکی زۆر بە بەردەوامی لە ناو دەریا بمێننەوە.