تەقینەوەیەک لە گوندێکی ئیدلب 9 قوربانیی لێکەوتەوە

بەهۆی تەقینەوەیەک لە ناو ماڵێک لە گوندێکی سەر بە شاری "جسر شوغوور" لە گوندەواری ئیدلب، سێ ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش کە لە نێویاندا منداڵ هەن، برینداربوون.

بەگوێرەی راپۆرتە سەرەتاییەکان، تەقینەوەکە دوای نیوەشەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی لە ناو ماڵێک لە گوندی "عەین قەسب" لە رۆژئاوای ئیدلب روویداوە. بەرگری شارستانی سووریا رایگەیاندووە کە قوربانییەکان پیاوێک و هاوسەرەکەی و براکەی بوون، تیمەکانی رزگارکردنیش بەردەوامن لە گەڕان و گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە.

عەلی لەری، بەڕێوەبەری ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی جسر شوغوور لە بەڕێوەبەرایەتی باری نائاسایی و کارەساتەکان رایگەیاند، زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەقینەوەکە بەهۆی ماددەی تەقەمەنییەوە بووە کە بۆ راوکردنی ماسی بەکاردێن و لە ناو ماڵەکەدا کۆگاکراون.

لە لایەکی دیکەوە، مستەفا بغوور، بەڕێوەبەری پزیشکی نەخۆشخانەی جسر شوغوور ئاماژەی بەوە کرد، بریندارەکان منداڵ و کەسانی پێگەیشتوون و بەهۆی پارچەی تەقەمەنی و شۆکەوە بریندار بوون، هەروەها ژمارەیەک لە منداڵەکان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە رەوانەی نەخۆشخانە تایبەتەکانی شاری ئیدلب کراون.

تاوەکو ئێستا تیمەکانی بەرگری شارستانی لە شوێنی رووداوەکە سەرقاڵی کارکردنن، ئەگەری ئەوەش هەیە رێژەی قوربانییەکان گۆڕانکاری بەسەردا بێت بەهۆی بەردەوامی پرۆسەی گەڕان و رزگارکردن.