هۆکاری کرمگرتنی ماسییەکانی رووباری باڵەکیان چی بوو؟

فەرمانگەی ژینگەی سۆران ئەنجامی سەرەتایی پشکنینەکانی ئاوی رووباری باڵەکیانی ئاشکرا دەکات، هاوکات هەوڵە زانستییەکان بۆ چاره‌سه‌ركردنی کێشەکە به‌رده‌وامن.

ئەمڕۆ هەینی، 21ـی ئابی 2026، هەژار ماهر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوای ئەوەی تێستی ئاوی رووباری باڵەکیانمان کرد، بۆ ئەوەی لە هۆکاری کرمگرتن و مرداربوونەوەی ماسییەکان بزانینن و لە تاقیگەی هەولێر پشکنینی بۆ بکرێت، چەند هۆکارێکمان بۆ ئاشکرا بوو.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران ئاماژەی بەوەدا، بەگوێرەی ئەنجامی پشکنینەکانی تاقیگە دەرکەوتووە بەشێک لە ئاوی رووبارەکە پیس بووە ئەمەش دیسان هۆکاری خۆی هەیە، لەوانە: هەبوونی ئاوەڕۆی پیسی ماڵان و رژانی بۆ نێو رووباری باڵەکیان، هەبوونی ژمارەیەک حساری بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات و باران بارینی زۆری ساڵی رابردوو و دروستبوونی پەیدابوونی ژمارەیەک رووەک لە نزیک رووبارەکان و لەگەڵ چەند هۆکارێکی دیکە کە ئاوی رووبارەکە پیس دەکەن.

دەربارەی ئەو رێککارانەی دەگرنەبەر بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت، هەژار ماهر رایگەیاند: تاوەکو ئێستا هیچ رێککارێکیان وەک چارەسەر نەگرتووەتەوەبەر، چونکە داوایان لە سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆی سۆران کردووە بۆ ئەوەی توێکاری بۆ لەشی ماسییەکان بکات و لەوێوە دەزانین، چ رێککارێکی زانستی بگرینەبەر بۆ ئەوەی وەک چارەسەر بەکاریبهێنین.

ئایا ئێستاش هاووڵاتییان لە رووباری باڵەکیان ماسی راو دەکەن؟

هەژار ماهر گوتی: هاووڵاتییانمان ئاگادار کردووەتەوە و بەشێکی زۆریشیان خۆیان ئاگادارن و راو ناکەن، هەرەها پۆلیس و دارستانی سۆرانمان لەوە ئاگادار کردووەتەوە و بەردەوام تیمیان هەیە و رێگە نادەن بە راوکردنی تاوەکو چارەسەرێک نەدۆزرێتەوە.

پێنجشەممە، 6ی ئابی 2026، هەژار ماهر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی راگەیاند "لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆری ماسی لە هەردوو رووباری باڵەکیان و کاولۆکان تووشی کرمگرتن بوون، لەسەر ئەم بنەمایە دوێنێ چوارشەممە، لیژنەیەکی شارەزا و تایبەتمەند سەردانی هەردوو رووبارەکەیان کرد."

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران گوتیشی "پشکنینەکان تایبەتکراون و دەمانەوێت لە رووی زانستییەوە لە هۆکاری کرمگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ماسییانە بکۆڵینەوە، بۆ ئەوەش بە ئامێری تایبەت تاقیکردنەوە (تێست) کراوە بۆ ئەوەی ئەنجامە راستەقینەکەی بۆ روون بێتەوە."

هاوکات لە راگەیەندراوێکی فەرمانگەی ژینگەی سۆراندا هاتووه‌، بەهۆی نەبوونی پێداویستیی تاقیگەیی لە هۆبەی تاقیگەی فەرمانگەکەیان، دوای ئاراستەکردنی داواکاری بۆ فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، شاندێکی تاقیگەیی سەردانی سۆرانیان کردووە. لە سێ شوێنی جیاوازدا، لە رووباری باڵەکیان، کەونه‌گوند و دەوروبەری رووبارەکە، نموونەی (سامپڵ)ی ئاو و ماسییەکان وەرگیراون.

ئەم بەدواداچوونانە لەسەر راسپاردەی کۆبوونەوەی لێژنەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ئیدارەی سۆران دێت کە لە 23ی تەممووزی 2026، بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی ژینگە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و جێگرەکەی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو، کاتێک داوای بەدواداچوونی بەپەلە بۆ کێشەی لێڵبوونی رووبارەکان و فەوتانی ماسییەکان کرابوو.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خاوەنی تۆڕێک لە رووباری گەورە و بچووک و چەندین گۆمی سروشتییە، ساڵانە لە وەرزی بارانباریندا بە تەواوی دەبووژێنەوە.