ناڕەزایەتییەکان دژی داخستنی ناوەندەکانی کۆڕەک تێلیکۆم لە بەغدا فراوانتر دەبن

ناڕەزایەتییەکان دژی رێکارەکانی دەستەی میدیا و گەیاندنی عێراق بەرامبەر کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم فراوانتر دەبن، رێکخراوی کوردستان گەیاندن و سەندیکای کرێکارانی گەیاندن هۆشداری دەدەن کە داخستنی بنکەکانی کۆمپانیاکە لە بەغدا، ژیانی هەزاران کارمەند و مافی ٧ ملیۆن بەکارهێنەر دەخاتە مەترسییەوە.

لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا، رێکخراوی کوردستان گەیاندن و سەندیکای کرێکارانی گەیاندنی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی رێکارەکانی دەستەی میدیا و گەیاندنی عێراقیان کرد، کە لە رێگەی هێزە ئەمنییەکانەوە ناوەندی سەرەکی و بنکەکانی فرۆشتنی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆمیان لە بەغدا داخستووە.

لە بەیاننامەکاندا جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەم هەنگاوەی دەستەی میدیا و گەیاندن "نادادپەروەرانەیە" و نەک تەنیا زیانێکی گەورە بە کەرتی پەیوەندییەکان و ئابووریی دیجیتاڵ لە عێراق دەگەیەنێت، بەڵکو راستەوخۆ مەترسی لەسەر بژێوی هەزاران کارمەند و مافی زیاتر لە حەوت ملیۆن بەکارهێنەری تۆڕەکە دروست دەکات.

هەردوو رێکخراوەکە ئاماژەیان بەوە داوە، جێبەجێکردنی یاسا نابێت بکرێتە ئامرازێک بۆ لێدان لە دامەزراوە ئابوورییەکان یان فشارکردن لەسەریان، بەڵکو پێویستە کێشە دارایی و گرێبەستییەکان لە چوارچێوەی یاسا و دادگا لە پرۆسەیەکی شەفاف و یەکساندا چارەسەر بکرێن، بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی رێکخەر سنوورە یاساییەکانی خۆی تێپەڕێنێت.

لە لایەکی دیکەوە، سەندیکای کرێکارانی گەیاندنی کوردستان هۆشداری دەدات لەوەی نابێت کارمەندان و خێزانەکانیان ببنە قوربانیی بڕیارە کارگێڕییەکان؛ داواش دەکات مافە یاسایی و سەندیکاییەکانی کارمەندان رەچاو بکرێت تاوەکو رێگری لە پەککەوتنی بەشێکی گرنگی ژێرخانی دیجیتاڵ و تێکچوونی گوزەرانی هەزاران خێزان بگیرێت.