ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بڕیارێکی نوێ دەربارەی چاندنی دار لە بەردەم ماڵان دەردەکات
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر رایگەیاند، بۆ رێگری لە وشکبوونی درەختەکان لە وەرزی گەرمادا بەرنامەیەکی تۆکمەی ئاودانیان جێبەجێ کردووە، هاوکات ئاشکراشی کرد لە ماوەیەکی نزیکدا جۆری ئەو دار و نەمامانە دیاری دەکەن کە بەرگەی گەرما دەگرن تاوەکو هاووڵاتییان لە بەردەم ماڵەکانیان بچێنن.
رەوان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند "لە سەرەتای وەرزی هاوین و گەرماوە بەرنامەیەکی تۆکمە دانرابوو بۆ ئەوەی هیچ دار و درەختێک لە پارک و باخچەکان وشک نەبن؛ بەگوێرەی خشتەکەش بەیانیان پێش کاتژمێر 08:00ـی بەیانی و شەوان ئاودانی دوورگە ناوەندییەکان و باخچەکان ئەنجام دەدرێت."
سەبارەت بە سەرچاوەکانی ئاو، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، بۆ ئاودان پشت بە ئاوی بیر و تەنکەر دەبەسترێت، هاوکات بەشێک لە ئاوی پاڵێوراوی ئاوەڕۆی ماڵانیش بەکاردەهێنرێت، کە دوای پشکنینی کۆلێژی زانستیی زانکۆی سەڵاحەدین دەرکەوتووە بۆ ئاودان دەستدەدات. ئاماژەی بەوەش کرد، دوای تەواوبوونی پرۆژەی دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی قورسی هەولێر، دەتوانرێت پشت بەو ئاوە ببەسترێت و دەبێتە هاوکارێکی باش بۆ ئاودانی رووبەری سەوزایی.
رەوان ئیسماعیل گوتی "لەگەڵ هەر وەرزێکدا گوڵی گونجاو دەچێنین، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولیش دەست دەکرێت بە چاندنی گوڵی تایبەت بە وەرزی پایز، کە رەنگێکی جوان و تایبەتی هەیە و بە دەستی ناوخۆیی و تۆوی ناوخۆیی بەرهەمهێنراون و لە دەرەوە هاوردە نەکراون."
سەبارەت بە رێنمایی بۆ چاندنی دار لەلایەن هاووڵاتییانەوە، رەوان ئیسماعیل گوتی "لە ماوەیەکی نزیکدا بڕیارێکی نوێ دەردەکرێت؛ بەهۆی ئەوەی بەشێک لە هاووڵاتییان پرسیاری ئەوە دەکەن ئایا چ دارێک بەرگەی گەرما دەگرێت، بۆیە جۆری ئەو دار و نەمامانە دیاری دەکرێن تاوەکو هاووڵاتییان لە بەردەم ماڵەکانیان بچێنن و سوودی لێ ببێنن."
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر، لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، 672 دوورگەی ناوەندی، پارک و باخچەی گەڕەکەکان و 24 پارکی گەورە هەن.