سەرۆکوەزیرانی عێراق: مووچەی فەرمانبەران زامنکراوە
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، مووچەی فەرمانبەران زامنکراوە و حکوومەتەکەی رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت دەدۆزێتەوە؛ هەروەها جەختیشی کردەوە کە خۆی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتیی وەزیران کاندید ناکاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 21ـی ئابی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دەروازە سنوورییەکان کارا دەکەنەوە و چارەسەری ئاڵنگارییە ئابوورییەکان دەکەن. گوتیشی "داخستنی گەرووی هورمز ئاڵنگارییەکی گەورەیە، بەڵام حکوومەت زیاتر لە چارەسەرێکی بۆ کێشە ئابوورییەکان هەیە و بەم نزیکانەش پڕۆژەیاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمان دەکات."
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد، کار بۆ سەقامگیریی ئابووری لە وڵاتدا دەکەن و مووچەی فەرمانبەرانیش زامنکراوە. روونیشی کردەوە پڕۆژەیاسای بودجە نەخشەی ئاییندەی وڵات دادەڕێژێت و لە بودجەی 2027ـدا گرنگیی تایبەت بە کەرتی کارەبا و وزەی نوێبووەوە دەدرێت.
سەبارەت بە دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت، عەلی زەیدی گوتی "لە ڕێگەی بەندەری جەیھانەوە نەوتی زیاتر هەناردە دەکەین، هاوکات کار بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی هێڵی بانیاس - عەقەبە دەکەین و لە رێگەی ئۆپیکیشەوە هەوڵی زیادکردنی بەشە هەناردەکەمان دەدەین." ئاشکراشی کرد، لە ماوەی شەش ساڵدا هەناردەی ڕۆژانەی نەوت بۆ 8 تا 10 ملیۆن بەرمیل بەرز دەکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە دۆخی ئەمنی و سیاسی کرد و گوتی "لایەنە سیاسییەکان لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە کۆکن و دەیانەوێت دیاردەی چەکی نایاسایی کۆتایی پێ بهێنرێت." جەختیشی کردەوە هیچ ئەگەری پێکدادانێکی سەربازی لە ئارادا نییە و رێگە بە دوژمنان نادەن دەرفەتەکان بقۆزنەوە.
عەلی زەیدی راشیگەیاند، لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا پاشەکشە ناکەن و لایەنە سیاسییەکانیش پشتیوانیان دەکەن. گوتیشی "خۆم بۆ خولی دووەم کاندید ناکەمەوە، چونکە بونیادنانەوەی دەوڵەت لە دروستکردنی حکوومەت گرنگترە و چاکسازییەکانمان سوودی بۆ حکوومەتەکانی داهاتووش دەبێت."