بەهۆی ئاگرکەوتنەوە سێ کەس لە حیللە گیانیان لەدەستدا

بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە دووکانێکی چاککردنەوەی ماتۆڕسکیل لە شاری حیللە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە باری تەندروستیی دووانیان ناجێگیرە.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، رووداوەکە لە دووکانێکی چاککردنەوەی ماتۆڕسکیل لە نزیک کافتریایەک لە بەرامبەر نەخۆشخانەی کۆماری لە شاری حیللە کەوتووەتەوە.

پەیامنێری کوردستان24 گوتیشی "بەهۆی ئاگرەکەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش کەسی دیکەش برینداربوون؛ باری تەندروستیی دوو لە بریندارەکان ناجێگیرە و ئێستا بریندارەکان لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان."

شاری حیللە، سەنتەری پارێزگای بابلە و نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە شاری بەغدای پایتەختەوە دوورە.