سیدەکان؛ عومەر بایزید بە بەردی چیاکان کەلوپەلی فۆلکلۆری دروست دەکات

عومەر بایزید، دانیشتووی گوندی دورەموڵک لە شارۆچکەی سیدەکان، ماوەی شەش ساڵە خەریکی تاشینی بەرد و دروستکردنی کەلوپەلی فۆلکلۆرییە وەک دەستاڕ، هاوەن و کووانگی ئاگردان. ئەو دەڵێت سەرەڕای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، داواکارییەکی زۆر لەسەر بەرهەمەکانی هەیە و لە شارە جیاوازەکانی کوردستانەوە داواکاریی بۆ دێت.

لە گوندی دورەموڵکی سەر بە شارۆچکەی سیدەکان، عومەر بایزید قادر، کە لە دایکبووی ساڵی 1972ـە، ماوەی شەش ساڵە پیشەی تاشینی بەردی کردووەتە سەرچاوەی بژێوی ژیانی. عومەر دەڵێت ئەم پیشەیەی لە هیچ وەستایەکەوە فێر نەبووە و لە باو و باپیرانیشی بۆی نەماوەتەوە، بەڵکو بەهۆی حەز و خولیای خۆیەوە دەستی پێکردووە.

عومەر بایزید دەڵێت: "ئەم کارە وردەکارییەکی زۆری دەوێت و وەک ئەوە وایە بە دەرزی بیر هەڵکەنیت." ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا داواکاری لەسەر کەلوپەلە بەردینەکان زۆر زیاترە لە جاران، چونکە خەڵک هەم بۆ کاری رۆژانە و هەم وەک کەلوپەلی جوانی و کولتووری لە ماڵەکانیاندا دایاندەنێن.

بەرهەمەکانی ئەم وەستایە جۆراوجۆرن؛ لەوانە "دەستاڕ" بۆ هاڕینی گەنم و ساوەر و پیرخەنی، "جوونی یان هاوەن" بۆ کوتانی سماق و قەزوان و سپیکردنەوەی برنج، هەروەها "باگوردان" کە لە رابردوودا بۆ توندکردنی بانی خانوو بەکارهاتووە. یەکێکی دیکە لە داهێنانەکانی عومەر، دروستکردنی بنەسۆبە یان کووانگی ئاگردانە لە بەرد، کە دوای کوژانەوەی ئاگرەکەش تا 1.5 سەعات گەرمی لە خۆیدا دەهێڵێتەوە.

عومەر بایزید باس لەوە دەکات کە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی وەک دهۆک، ئامێدی و سلێمانییەوە پەیوەندیی پێوە دەکەن و داواکاریی بۆ دەنێرن. نرخەکانیش بەپێی قەبارە و جۆری بەردەکە دەگۆڕێن، بە شێوەیەک لە 300 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو یەک ملیۆن دینار.

سەرەڕای ماندووبوونی زۆر، عومەر بەردەوامە لەم کارە و دەڵێت لەم رێگەیەوە هەم بژێوی خێزانەکەی دابین دەکات و هەم رێگری دەکات لە فەوتانی ئەو ئامێر و کەلوپەلە رەسەنانەی کە بەشێکن لە مێژوو و ناسنامەی ناوچەکە.