حەیدەر عەبوودی: مووچەی فەرمانبەران پارێزراوە

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، حکوومەت لە ماوەی 100 رۆژی رابردوودا جەختی لەسەر پاراستنی سەروەری و سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کردووەتەوە و دڵنیاییش دەدات کە هیچ پێکدادانێک لەنێوان هێزە نیشتمانییەکان و گرووپە چەکدارەکان روونادات.

رۆژی هەینی 21ی ئابی 2026، حەیدەر عەبوودی ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی عێراق لە ماوەی دەستبەکاربوونییەوە لەسەر بنەمای کۆمەڵێک بابەتی گرنگ کاری کردووە، کە دیارترینیان سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و دروستکردنی پەیوەندیی دەرەکی هاوسەنگە. گوتیشی، سەرۆکوەزیران دووپاتی کردووەتەوە کە عێراق زۆر دوورە لە هەر پێکدادانێک لەنێوان هێزە چەکدارەکان، چونکە هەموو ئەو هێزە نیشتمانییانەی بەشدارییان لە بەرگریکردن لە عێراق کردووە، نابنە هۆکاری پێکدادان لەگەڵ یەکتر.

دەربارەی گفتوگۆ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاشکرای کرد، رێککەوتنێکی گشتگیر لەسەر بنەمای نیشتمانی و دەستووری هەیە کە جەخت لە سەروەری دەوڵەت دەکاتەوە. تاوەکو ئێستاش شەش گرووپی چەکدار وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی حکوومەتیان داوەتەوە و گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش بەردەوامن و بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە.

لەسەر پرسی ئابووری و بژێوی خەڵک، حەیدەر عەبوودی رایگەیاند، هەرچەندە حکوومەت لە لوتکەی قەیرانێکی ئابووریدا دەستبەکار بوو، بەڵام مووچەکان لە رێڕەوێکی سەلامەتدان و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران پابەندییەکی یاسایی نەگۆڕ و جێگیرە.

سەبارەت بە هەناردەی نەوت، گوتەبێژی حکوومەت باسی لەوە کرد کە ئێستا زۆربەی نەوتی عێراق لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕ دەبێت و هەندێک بەربەست لەبەردەم گەیشتنی نەوت بە بازاڕەکانی جیهان هەن، بەڵام پلان و ستراتیژییەکی تۆکمە بۆ زیادکردنی هەناردە و دۆزینەوەی رێڕەوی نوێ لە ئارادایە و کارەکان بە چڕی بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن.

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ کوردستان24، حەیدەر عەبوودی دەربارەی پارە گەڕاوەکان لە دۆسیەی گەندەڵی گوتی: ئەو بڕە پارانەی کە گەڕێندراونەتەوە بەردەوام لە زیادبووندایە و لە هەژمارێکی تایبەت لە بانکی ناوەندی عێراقدا دادەنرێن.