باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق: گەندەڵی بەشێکە لە سیستمی سیاسی و لەلایەن نوخبەکانەوە قبوڵکراوە

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند، بوونی چەکی بێکۆنترۆڵ مەترسییە بۆ سەر عێراق، ناوچەکە و ئەورووپا، هۆشداریشی دا ئەگەر گرووپە چەکدارەکان چەک دانەنێن، عێراق رووبەڕووی پێکدادانی چەکداری دەبێتەوە.

عیرفان سەدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند، ئەگەر گرووپە چەکدارەکان بەردەوام بن لە رەتکردنەوەی چەکدانان، عێراق ڕووبەڕووی پێکدادانی چەکداری دەبێتەوە، چونکە هەندێک لە یەکەکانی حەشدی شەعبی فەرمانەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جێبەجێ ناکەن.

باڵیۆزی بەریتانیا باسی لەوەش کرد، پاساوی ڕاستەقینەی بەردەوامبوونی ئەم گرووپانە بریتییە لە بەدەستهێنانی هێز، باج‌وەرگرتن و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکان؛ جەختیشی کردەوە کە هیچ دڵنیاییەک نییە لە بەرامبەر نەدانانی چەکدا، بەرژەوەندییە ڕۆژئاواییەکان نەکرێنە ئامانج.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عیرفان سەدیق ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر گرووپەکان چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت بکەن، ئەگەری هەیە هاوکاری و هاندانی ڕۆژئاوایان بۆ بێت و بتوانن ببنە هاوڕێی ڕۆژئاوا، هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا روویدا.