بەرگریی شارستانیی هەولێر: دوو گەنج لە زێی گەورە خنکان
لەگەڵ ئەوەی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بەردەوام رێنمایی دەدەنە هاووڵاتییان لەو شوێنانەی مەلەکردنی تێدا قەدەخەیە دووربکەونەوە، بەڵام ئەمڕۆ هەینی سێ حاڵەتی خنکان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئەمڕۆ هەینی، 21ـی ئابی 2026، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ تیمەکانمان ئاگادار کراونەتەوە لە سنووری قەزای خەبات، بە هەبوونی دوو حاڵەتی خنکان، لە زێی گەورە نزیک گوندی گردەڕەشە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، هەردوو گەنجەکە بە نەتەوە عەرەبن و ئیسماعیل رعد تەمەنی 26 ساڵ و ئەیوب تاریق تەمەن 18 ساڵ، دانیشتووی گەڕەکی سەرکارێزانی هەولێرن.
شاخەوان سەعید، باسی لەوە کرد، تیمەکانی ژێر ئاوی خەبات لە گەڕان بەدوای تەرمەکان بەرەدەوامن و تاوەکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو ئێستا 19 حاڵەتی خنکان لە سنوورەکەیان تۆمار کراون.
هاوکات هەر ئەمڕۆ هەینی، گەشتیارێکی عەرەب لە رووباری ئاڤاشین لە سنووری ئامێدی خنکا.
ساڵانە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان لە تەواوی ناوچە جیاوازەکان بە پرۆشەر و تابڵۆی هۆشیاری گەشتیاران و هاووڵاتییان ئاگادار دەکەنەوە، لەوە دوور بکەونەوە لەو شوێنانەی مەلەدەکردنی تێدا قەدەخەکراوە.