نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی بەخشینی نیشانی باڵای قەداسەتی پاپای ڤاتیکان بە سەرۆک بارزانی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە دەکات و رێزلێنانەکە بە پێزانینێکی جیهانی بۆ کولتووری لێبوردەیی و پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە کوردستان وەسف دەکات.

هەینی، 21ـی ئابی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد بە بۆنەی وەرگرتنی نیشانی باڵای قەداسەتی پاپای ڤاتیکان. 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بەخشینی ئەم نیشانە باڵایە، پێزانینێکی گرنگە بۆ رۆڵی دیار و مێژوویی سەرۆک بارزانی لە پاراستنی مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان لە کوردستان و عێراقدا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا روونی کردەوە، ئەم رێزلێنانە مایەی شانازيی هەرێمی کوردستان و پێزانينه‌‌ بۆ کولتووری پێکەوەژیان، يه‌كترقبووڵکردن و لێبوردەیی وه‌ك تایبەتمەندیی کۆمەڵگه‌ى کوردستان، هه‌روه‌ها بۆ ئەو بەها مرۆیییانەى‌ گەلەکەمان كه‌ هەمیشە پابه‌نديان و پەرۆشی پاراستنيانه‌. 

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە نیشتمانێکی ئارام و پارێزراو بۆ سەرجەم پێکهاتەکان دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن لە فرەیی، ماف و ئازادییەکانی هەمووان، لە پێناو چەسپاندنی زیاتری بنەماکانی ئاشتی و رێزگرتن لە یەکدی لە ناوچەکەدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، لویس ساکۆ، کاردیناڵی فەخریی کلدانەکان، سەردانی سەرۆک بارزانی کرد و نیشانی ئاستبەرزی پاپای ڤاتیکانی پێ بەخشی.

کاردیناڵ لویس ساکۆ پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی سەرۆک بارزانی لە قووڵکردنەوەی بەها بەرزەکانی پێکەوەژیان، مرۆڤدۆستی، بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە کوردستان، عێراق و ناوچەکەدا دەربڕی.

هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد لە بەرامبەر رۆڵە مێژووییەکەیدا لە پاراستنی پێکهاتەی مەسیحی و سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکەی کوردستان و عێراقدا.