پارتی: خەڵاتی ڤاتیکان دانپێدانانێکی نێودەوڵەتییە بە رۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆک بارزانی دەکات بە بۆنەی وەرگرتنی نیشانی ئاستبەرزی رێزلێنانی پاپای ڤاتیکان و رایدەگەیەنێت، ئەم خەڵاتە دانپێدانانێکی نێودەوڵەتیی روونە بۆ رۆڵی مێژوویی جەنابیان لە قووڵکردنەوەی بەهاکانی پێکەوەژیاندا.
هەینی، 21ـی ئابی 2026، لە راگەیەنراوێکدا کە لە لایەن فراکسیۆنی پارتییەوە بڵاوکراوەتەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کراوە، بە بۆنەی وەرگرتنی نیشانی ئاستبەرزی رێزلێنانی پاپای ڤاتیکان، کە لە لایەن لویس روفائیل ساکۆ، کاردیناڵی فەخریی کلدانەکان پێشکەشی جەنابیان کرا.
فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم رێزلێنانە باڵایەی ڤاتیکان، دانپێدانانێکی نێودەوڵەتیی روونە بۆ رۆڵی مێژوویی و هەڵوێستە نەگۆڕەکانی سەرۆک بارزانی لە پاراستنی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، قووڵکردنەوەی بەها بەرزەکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و، بەهێزکردنی کولتووری تەبایی و مرۆڤدۆستی لە کوردستان، عێراق و تەواوی ناوچەکەدا.
هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە، کە پەیام و ئاراستە بەرزەکانی سەرۆک بارزانی بۆ چەسپاندنی برایەتی و پاراستنی مافی تەواوی پێکهاتەکان، وەک رێباز و هەوێنی سەرەکیی کار و خەباتی پەرلەمانیی خۆیان دەزانن لە بەغدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، لویس ساکۆ، کاردیناڵی فەخریی کلدانەکان، سەردانی سەرۆک بارزانی کرد و نیشانی ئاستبەرزی پاپای ڤاتیکانی پێ بەخشی.
کاردیناڵ لویس ساکۆ پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی سەرۆک بارزانی لە قووڵکردنەوەی بەها بەرزەکانی پێکەوەژیان، مرۆڤدۆستی، بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە کوردستان، عێراق و ناوچەکەدا دەربڕی.
هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد لە بەرامبەر رۆڵە مێژووییەکەیدا لە پاراستنی پێکهاتەی مەسیحی و سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکەی کوردستان و عێراقدا.