دەوڵەت باخچەلی داوای پێکهێنانی پەیمانی قودس دەکات
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە تورکیا، لە لێدوانێکی تونددا هۆشداریی دایە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لە تاقیکردنەوەی ئارامگریی تورکیا و بەئامانجگرتنی خاکی سووریا؛ باخچەلی پێشنیازی کرد کە لەسەر بنەمای رێککەوتنی مەککە، هێزێکی هاوبەشی ئاشتیپارێزی ئیسلامی بە ناوی پەیمانی قودس لە نێوان تورکیا، سعوودیە و پاکستاندا پێکبهێنرێت بۆ راگرتنی هێرشەکانی تەلئەڤیڤ.
هەینی 21ـی ئابی 2026، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە راگەیەندراوێکدا داوای لە ئیسرائیل کرد کە دەستبەجێ دەست لە تاقیکردنەوەی ئارامگریی تورکیا و هاندانی نەیارانی وڵاتەکەی هەڵبگرێت.
باخچەلی جەختی کردەوە، هێرشە بەردەوامەکانی تەلئەڤیڤ بۆ سەر خاکی سووریا و ژێرخانی ئەمنیی ناوچەکە، هەڕەشەی راستەوخۆن و بە هیچ جۆرێک لە لایەن ئەنقەرەوە قبووڵ ناکرێن.
سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە کرد لە کاتێکدا تورکیا بە هەنگاوی ستراتیژی سەرقاڵی بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیی و سەرخستنی پڕۆژەی تورکیای بێ تیرۆرە، کەچی ئیسرائیل هەوڵ دەدات ئەم ئارامییە تێکبدات.
بە گوتەی باخچەلی، تەلئەڤیڤ لە یەکگرتوویی تورکیا و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەترسێت، و دەیەوێت لە رێگەی دروستکردنی ئاڵۆزی و پشێوییەوە بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بپارێزێت.
وەک چارەسەرێکی ستراتیژی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل، دەوڵەت باخچەلی پێشنیازی کرد کە لەسەر بنەمای رێککەوتنی مەککە کە پێشتر لە نێوان تورکیا، سعوودیە و پاکستاندا واژۆ کراوە، هاوپەیمانێتییەکی سەربازی لە ژێر ناوی "پەیمانی قودس" دابمەزرێنرێت، تا وەک هێزێکی ئاشتیپارێزی ئیسلامی رێگری لە دەستدرێژی و سەرپێچییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بکات.
سەرۆکی مەهەپە دووپاتیکردەوە کە ئەنقەرە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی دیکە بە خواستی وڵاتانی دەرەکی بکێشرێتەوە، و داوای دەرکردنی فەرمییڕاگەیەندراوی ئەنقەرەی کرد وەک پەیامێکی روون بۆ ئەوەی جیهان بزانێت کە تورکیا لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەکی چاوەڕوانکراو بۆ سەر سەروەریی خاکەکەی بێدەنگ دانانیشێت.