ئایدن مەعروف: سەرۆک بارزانی سیمبولی پێکەوەژیان و ئاشتییە

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکات بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی ئاستبەرزی رێزلێنانی پاپای ڤاتیکان و رایدەگەیەنێت کە سەرۆک بارزانی سیمبولی پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتییە لە کوردستان و عێراقدا.

هەینی 21ی ئابی 2026، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە راگەیەندراوێکدا بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی ئاستبەرزی رێزلێنانی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکات.

لە پەیامەکەیدا هاتووە، سەرۆک بارزانی لە هەموو کات زیاتر پاڵپشت و سیمبولی پێکەوە ژیان بوونە و هەمیشە هەوڵی زیاتر بەهێزکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتیی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیان داوە و پاڵپشتی ماف و داواکارییەکانیان بوونە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێنجشەممە، 20ی ئابی 2026، لویس ساکۆ، کاردیناڵی فەخریی کلدانەکان، سەردانی سەرۆک بارزانی کرد و نیشانی ئاستبەرزی پاپای ڤاتیکانی پێ بەخشی.

کاردیناڵ لویس ساکۆ پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی سەرۆک بارزانی لە قووڵکردنەوەی بەها بەرزەکانی پێکەوەژیان، مرۆڤدۆستی، بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە کوردستان، عێراق و ناوچەکەدا دەربڕی.

هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد لە بەرامبەر رۆڵە مێژووییەکەیدا لە پاراستنی پێکهاتەی مەسیحی و سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکەی کوردستان و عێراقدا.