تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناتانیاهۆ دەرکرد

تورکیا، لە کاردانەوەی رێگریکردن لە کەشتییەکانی هاوکاری لە مانگی نیسانی رابردوودا، رێکاری یاسایی گرتەبەر و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناتانیاهۆ دەرکرد و داوای کرد.

هەینی، 21ـی ئابی 2026، ئاکن گیورلەک، وەزیری دادی تورکیا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند: وڵاتەکەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و هاووڵاتییەکی دیکەی ئەو وڵاتە دەرکردووە، ئەوەش بەهۆی رێگریکردنیان لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆیییەکان بۆ کەرتی غەززە.

وەزیری دادی تورکیا روونی کردەوە، دەرکردنی ئەم فەرمانە لە چوارچێوەی رێکارە یاسایییەکانی پەیوەست بە ڕێگریکردن بووە لە " کەشتیگەلی خۆڕاگری" کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بەڕێوەبوو بەرەو کەرتی غەززە، بەڵام لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە رێگرییان لێکرا و بەشێک لە ئەندامانی سەر کەشتییەکە دەستگیر کران.

گیورلەک ئاماژەی بەوەش کرد، داوایان لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کردووە بۆ ئەوەی پرۆسەی بەرزکردنەوەی داوای دەستگیرکردنی ناتانیاهۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەستپێبکەن؛ چونکە تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە کۆمەڵکوژی خەڵکی غەززە.