مونا قەهوەچی: سەرۆک بارزانی هەمیشە پارێزەری مافی پێکهاتەکان بووە

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکات و پێبەخشینی نیشانی باڵای ڤاتیکان بە بەڕێزیان وەک دانپێدانانێک بە ڕۆڵی مێژوویی لە پاراستنی پێکەوەژیان و داڵدەدانی لێقەوماوان لە هەرێمدا وەسف دەکات.

هەینی، 21ـی ئابی 2026، مونا نەبی قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد بە بۆنەی پێبەخشینی "نیشانی باڵای قەداسەتی پاپای ڤاتیکان" بە جەنابیان.

قەهوەچی لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، ئەم رێزلێنانە باڵایە، جەختکردنەوەیەکە لەسەر رۆڵی مێژوویی و دیاری سەرۆک بارزانی لە پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە، لێبوردەیی، داڵدەدانی لێقەوماوان و پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازە ئایینی و نەتەوەیییەکان لە هەرێمی کوردستاندا.

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان ئاماژەی بەوە دا، کە سەرکردایەتیکردنی لێهاتووانەی سەرۆک بارزانی لە بەهێزکردنی کولتووری ئاشتی و تەبایی، بووەتە هۆی بەدەستهێنانی رێز و پێزانینی نێودەوڵەتی بۆ خەڵک و خاکی کوردستان.

مونا قەهوەچی هیوای تەمەندرێژی، تەندروستیی باش و سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ سەرۆک بارزانی خواست لە خزمەتکردنی گەل و چەسپاندنی بەها مرۆیییە باڵاکاندا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، لویس ساکۆ، کاردیناڵی فەخریی کلدانەکان، سەردانی سەرۆک بارزانی کرد و نیشانی ئاستبەرزی پاپای ڤاتیکانی پێ بەخشی.

کاردیناڵ لویس ساکۆ پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی سەرۆک بارزانی لە قووڵکردنەوەی بەها بەرزەکانی پێکەوەژیان، مرۆڤدۆستی، بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە کوردستان، عێراق و ناوچەکەدا دەربڕی.

هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد لە بەرامبەر رۆڵە مێژووییەکەیدا لە پاراستنی پێکهاتەی مەسیحی و سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکەی کوردستان و عێراقدا.