نیشانی پاپا پیۆسی نۆیەم؛ باڵاترین رێزلێنانی رۆحی و دیپلۆماسیی ڤاتیکان

نیشانی فەرمیی پاپا پیۆسی نۆیەم وەک باڵاترین و مێژووییترین رێزلێنانی رۆحی و دیپلۆماسیی ڤاتیکان دادەنرێت کە پێشکەش بە سەرکردە و پادشاکانی جیهان دەکرێت؛ بەخشینی ئەم نیشانەیە لە ساڵی 2026دا بە سەرۆک بارزانی، پەیامێکی فەرمی و مرۆیی قووڵی دەوڵەتی ڤاتیکانە بۆ پێزانین بەرامبەر بە رۆڵی ناوبراو لە پاراستنی پێکەوەژیانی ئایینی، حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارە و چەسپاندنی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

مێژووی دامەزراندنی نیشانی فەرمیی پاپا پیۆسی نۆیەم بۆ 17ی حوزەیرانی ساڵی 1847 دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن پاپا پیۆسی نۆیەمەوە دامەزرێنرا، و ئێستا بە باڵاترین نیشانی فەرمیی رێزلێنان دادەنرێت کە پاپای ڤاتیکان بە شێوەیەکی چالاک پێشکەشی سەرکردە و کەسایەتییە دیارەکانی جیهانی دەکات.

ئەم نیشانەیە لە رووی پلەبەندییەوە لە سێ ئاستی سەرەکیدا دابەش دەبێت، کە بریتین لە پلەی پۆلێنی گەورە بە ملوانکەوە کە تەنیا تایبەتە بە سەرۆک و پادشای دەوڵەتەکان، پلەی خاچی گەورە کە بە باڵیۆز و کەسایەتییە دیپلۆماسییە باڵاکان دەبەخشرێت، و هەروەها پلەی فەرماندە و سوارچاک کە پێشکەش بەو کەسانە دەکرێت کە خزمەتێکی دیار و بەرچاویان بە مرۆڤایەتی کردووە.

لە پاڵ ئەم نیشانە باڵایەشدا، ڤاتیکان خاوەنی چەندین خەڵاتی دیکەیە وەک نیشانی سانت گریگۆریی گەورە بۆ پێزانینی خزمەت بە کۆمەڵگە، و نیشانی سانت سیلفێستەر بۆ ئەو کەسایەتییە مەدەنییانەی لە بوارەکانی زانست و مرۆییەکاندا خزمەتی بەرچاویان پێشکەش کردووە.

پێوەرەکانی بەخشینی ئەم نیشانە مێژووییە زۆر توند و دەگمەنن، بە جۆرێک تەنیا پێشکەش بەو سەرۆک و رابەرە نیشتمانییانە دەکرێت کە خاوەن رۆڵی کاریگەرن لە پاراستنی سەقامگیریدا، یان ئەو پارێزەرانەی پێکەوەژیان کە بەرگری لە مافی کەمینە و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەکەن.

هاوکات دەدرێتە ئەو دیپلۆماتکارە نێودەوڵەتییانەی کە پەیوەندییەکان لەگەڵ کورسیی پیرۆزدا تۆکمە دەکەن. لەم روانگەیەوە، لە مێژووی بەخشینی ئەم نیشانەیەدا ژمارەیەکی کەم لە پادشا و سەرکردە جیهانییەکان توانیویانە وەریگرن، لەوانە:

شا چارڵزی سێیەم و شاژنە کامیلا پاشا و شاژنی بەریتانیا.

شا کارڵ گوستافی شازدەهەم و شاژنە سیلڤیا پاشا و شاژنی سوید.

شا خوان کارلۆسی یەکەم پادشای پێشووی ئیسپانیا.

شا ئالبێرت و شاژنە پاولا پاشا و شاژنی پێشووی بەلجیکا.

شاژنە مارگرێت شاژنی پێشووی دانیمارک.

سێرجیۆ ماتارێلا سەرۆکی ئێستای ئیتاڵیا.

پۆڵ بیا سەرۆکی کامیرۆن.

هایلە سێلاسی ئیمپراتۆری پێشووی ئەسیوپیا.

هێرمان ڤان رۆمپۆی سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەلجیکا.

گابریێل گارسیا مۆرینۆ سەرۆکی پێشووی ئیکوادۆر.

لە ساڵی 2026یشدا سەرۆک بارزانی.

بەخشینی ئەم نیشانە پاپاوییە باڵایە بە سەرۆک بارزانی چەندین رەهەندی سیاسی، دیپلۆماسی و مرۆیی گرنگی لەخۆگرتووە، لەوانە ئاراستەکردنی پەیامێکی فەرمی و روونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پێگە و قورسایی سیاسیی هەرێمی کوردستان، هاوکات ناساندنی کوردستانە وەک مۆدێلێکی درەوشاوە و نموونەیی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە لایەکی دیکەشەوە، ئەم رێزلێنانە دەربڕینی پێزانینی باڵای مرۆیی و رۆحیی دەوڵەتی ڤاتیکانە بۆ هەڵوێستە مێژووییەکانی سەرۆک بارزانی لە پاراستن و حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەری مەسیحی و پێکهاتەکانی دیکە لە کاتە سەختەکان و لە سەردەمی پەلامارەکانی تیرۆردا.