قالیباف: دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق ناکەین

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دووپاتی دەکاتەوە، وڵاتەکەی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا ناکات و پشتیوانی لە هەر لێکتێگەیشتنێکی نیشتمانیی عێراقی دەکات کە لە چوارچێوەی دەستووردا بە دی بێت.

هەینی، 21ـی ئابی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کەشی گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقدا برایانە و دۆستانە بووە. 

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە هێزە بیانییەکان لە عێراق دەچنە دەرەوە و سەربەخۆیی و سەروەریی تەواوی گەل و حکوومەتی عێراق بەبێ بوونی هێزی بیانی دابین دەبێت، کە ئەمەش رووداوێکی زۆر گرنگ و بنەڕەتییە.

قالیباف سەردانەکەی بۆ عێراق، بە دەرفەتێکی گونجاو زانی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە ئەمنی، سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکان و رایگەیاند: "لەم سەردانەدا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی بەرفراوان و هەمەلایەنە لە نێوان ئێران و عێراقدا لە بواری ئەمنی و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکاندا واژۆ کرا."

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران هەرگیز دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا ناکات و پشتیوانی لە هەر رێککەوتنێک دەکات کە لایەنەکان و بەرپرسانی عێراقی لە چوارچێوەی دەستوور و بە پاراستنی سەربەخۆیی خۆیان لەسەری کۆدەنگ بن.

قالیباف دووپاتی کردەوە، عێراق وەک وڵاتێکی دراوسێ و دۆست ، یەکەمین وڵاتە کە ئێران دەتوانێت بە هاوبەشی لەگەڵیدا رۆڵێکی زۆر کاریگەر لە داڕشتنی سیستەمێکی نوێی ئەمنی لە ناوچەکەدا بگێڕێت و هەنگاوی گەورەتر لەم بوارەدا بنێت.