فەرهاد ئەتروشی پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکات

فەرهاد ئەتروشی: رێزلێنانی ڤاتیکان پێزانینی نێودەوڵەتییە بۆ رۆڵی سەرۆک بارزانی لە پاراستنی پێکەوەژیان

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکات بە بۆنەی وەرگرتنی پلەی سوارچاک و خەڵاتی ئاستبەرزی پاپای ڤاتیکان، و رایگەیاند ئەم رێزلێنانە ئاماژەیەکی بەرزی پێزانینە بۆ رۆڵی مێژوویی و پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە هەرێمی کوردستان.

هەینی 21ی ئابی 2026، فەرهاد ئەتروشی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەیامێکی بەبۆنەی رێزلێنانی ڤاتیکان لە سەرۆک بارزانی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بە تەواوی واتاکانی شانازی و سەربەرزییەوە، پیرۆزباییتان لێدەکەین بەبۆنەی رێزلێنانی ڤاتیکان و وەرگرتنی پلەی (سوارچاک) و خەڵاتی ئاستبەرزی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان "لاونی چواردەیەم"، بۆ رێزلێنان بەرامبەر بە کەسایەتیتان، کە لەلایەن کاردینال لویس روفائیل ساکۆ پێشکەشتان کرا، وەک پێزانین و داننان بە رۆڵی مێژوویی و هەڵوێستە شەرفەمەندو نیشتمانییەکانتان.

فەرهاد ئەتروشی دەشڵێت: ئەم رێزلێنانە، بە بەخشینی خەڵاتی پیۆسی نۆیەم (Order of Pius IX) کە یەکێکە لە خەڵاتە باڵاکانی سوارچاکی پاپاوی، ئاماژەیەکی بەرزی رێزلێنانە بۆ رۆڵ و بەشدارییە گەورەکانتان، گوزارشتێکی ئاشکراشە لە پێزانینی ڤاتیکان لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییانەی کە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە ڤاتیکان و کەنیسەکان و پێکهاتە مەسیحییەکانەوە دەبەستێتەوە، لەگەڵ گرنگیدان بە پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەو لێبوردەیی ئاینی لە نێوان پێکهاتەکاندا.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هیوای سەرکەوتوویی و سەرفراز هەمیشەیی بۆ سەرۆک بارزانی دەخوازێت لە رێبەرایەتیکردنی کوردستان، کە لە قووڵایی دانایی و ئەزموون و جێگیری هەنگاوەکانتانەوە سەرچاوە دەگرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێنجشەممە، 20ی ئابی 2026، لویس ساکۆ، کاردیناڵی فەخریی کلدانەکان، سەردانی سەرۆک بارزانی کرد و نیشانی ئاستبەرزی پاپای ڤاتیکانی پێ بەخشی.

کاردیناڵ لویس ساکۆ پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی سەرۆک بارزانی لە قووڵکردنەوەی بەها بەرزەکانی پێکەوەژیان، مرۆڤدۆستی، بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە کوردستان، عێراق و ناوچەکەدا دەربڕی.

هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد لە بەرامبەر رۆڵە مێژووییەکەیدا لە پاراستنی پێکهاتەی مەسیحی و سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکەی کوردستان و عێراقدا.