هەیبەت حەلبووسی: کۆتایی ئەیلوول دەستپێکی کۆکردنەوەی چەک دەبێت لە دەستی دەوڵەتدا

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان لە بەردەوامیی دابەشکردنی مووچە و رایدەگەیەنێت؛ پەرلەمان و حکوومەت لەسەر نەخشەڕێگەیەکی روون بۆ چاکسازیی ئابووری و تێپەڕاندنی یاسای بودجە رێککەوتوون.

هەینی، 21ـی ئابی 2026، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی 'دیالۆگی بەغدا' زنجیرەیەک لێدوانی گرنگی سەبارەت بە داهاتووی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی عێراق خستەڕوو. 

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: هەڵوێستی ئەو لەسەر پرسی ناونانی "کەنداو"، رەنگدانەوەی تەواوی هەڵوێستی فەرمیی دەوڵەتی عێراقە.

لە سەر ئاستی ئەمنی، هەیبەت حەلبووسی جەختی کردەوە، کە هیچ جۆرە پێکدادانێک لە نێوان دەوڵەت و گرووپە چەکدارەکاندا لە ئارادا نییە.

هاوکات رایگەیاند: کە کۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوو دەبێتە وادەی دەستپێکردنی پڕۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا. گوتیشی: پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک بابەتێکی تەواو عێراقی و دەستوورییە و کارەکانی بە شێوەیەکی یاسایی بەڕێوەدەچن.

سەبارەت بە شایستە دارایییەکان، حەلبووسی دڵنیایی دا کە دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت و هیچ دڵەڕاوکێیەک لەم بارەیەوە نییە، هاوکات روونیکردەوە، کە حکوومەت و پەرلەمان خاوەنی ستراتیژییەتی روونن بۆ چاکسازیی ئابووری. 

لە درێژەی قسەکانیدا ئاشکراشی کرد، پەرلەمان بەم نزیکانە گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش میوانداریی وەزیرە پەیوەندیدارەکان دەکات.

لەسەر ئاستی پەیوەندییە هەرێمییەکان، هەیبەت حەلبووسی رایگەیاند: سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پێی راگەیاندوون کە لەگەڵ سەرکردایەتیی وڵاتەکەی پرسی بەدەرکردنی عێراق لە دۆسیەی داخستنی گەرووی هورمز تاوتوێ دەکات.

سەبارەت بە رێکارە پەرلەمانییەکانیش، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق روونی کردەوە، بڕیاری لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە پەرلەمانتاران لە ماوەی پشووی یاساداناندا لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەماندایە، هەروەها حکوومەت لە هەفتەی رابردوودا 42 پرۆژەیاسای نوێی رەوانەی پەرلەمان کردووە.

هەروەها هەیبەت حەلبووسی جەختی لەوە کردەوە، هیچ لایەنێکی سیاسی دژایەتیی هەڵمەتی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی نەکردووە.

هەیبەت حەلبووسی لە درێژەی قسەکانیدا، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، لیژنەیەکی ئەمنی پێکدەهێنرێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناوی سەرجەم ئەو کەسانەی لە جورفسەخر ئاوارەبوون.

لە بارەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەستوورین و ناتوانرێت هەڵبوەشێنرێنەوە مەگەر بە هەموارکردنەوەی دەستوور.