ژمارەی قوربانیانی سوپای ئەمریکا لە جەنگی ئێراندا بۆ 774 سەرباز بەرزبووەوە

بەپێی نوێترین ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، ژمارەی کوژراو و بریندارانی سوپای ئەو وڵاتە لە شەڕی ئێراندا بۆ 774 سەرباز بەرزبووەتەوە، دوای ئەوەی پێنتاگۆن لە چەند رۆژی رابردوودا دەیان ناوی دیکەی خستە لیستی بریندارانەوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەڕەکە چووەتە شەشەمین مانگی خۆیەوە و ئاگربەستی نێوان هەردوولا کۆتایی هاتووە.

هەینی 21ـی ئابی 2026، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی واشنتن پۆست کە پشتی بە سیستەمی فەرمیی تۆمارکردنی قوربانییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پێنتاگۆن بەستووە، تا ئێستا 18 سەربازی ئەمریکی لە شەڕی دژ بە ئێراندا کوژراون و 756 سەربازی دیکەش بریندار بوون، بەمەش کۆی گشتیی قوربانییەکانی سوپای ئەمریکا لەم ململانێیەدا گەیشتووەتە 774 کەس.

بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان لە کاتێکدایە کە لە هەفتەکانی رابردوودا بە شێوەیەکی گشتی ئاگربەست لە نێوان واشنتن و تاراندا هەبووە، بەڵام بەرپرسانی سەربازی روونی دەکەنەوە کە تۆمارکردنی ئەم ژمارە نوێیە لە برینداران دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ماوە و دواکەوتنەی کە دەکەوێتە نێوان چارەسەرکردنی سەرەتایی بریندارەکان لە نەخۆشخانە سەربازییەکان و تۆمارکردنی فەرمیی زانیارییەکانیان لە بنکەی داتای سەرەکیی وەزارەتی بەرگریدا.

ئەم ئامارە نوێیانە هاوکاتن لەگەڵ ئەوەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا بە درێژنەکردنەوەی وادەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران کە رۆژی دووشەممەی رابردوو کۆتاییپێهات، هەرچەندە تا ئێستا هیچ کام لە دوو وڵات دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان نەکردووەتەوە.

ئەم جەنگەی کە ترەمپ لە سەرەتادا بەڵێنی دابوو لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بە بردنەوەی ئەمریکا یەکلای بکاتەوە، ئێستا پێی ناوەتە شەشەمین مانگی خۆیەوە و بەردەوامیی هەیە.