دهۆک.. مزگەوتێکی 800 ساڵە نۆژەن دەکرێتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک بە هاوکاریی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بە پاڵپشتیی دارایی حکوومەتی ئەڵمانیا، پڕۆژەیەکی تایبەتی بۆ نۆژەنکردنەوە و پاراستنی مزگەوتێک و کانییەکی ئاوی مێژوویی 800 ساڵە لە ناحیەی زاویتە دەستپێکرد، کە هاوکات لەگەڵ پاراستنی شوێنەوارەکان و بوژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری.
بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی "لۆتس فڵاوەر" و بە هاوکاری و پشتیوانیی دارایی حکوومەتی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی پڕۆژەی "پارە لە بەرامبەر کاردا" (Cash for Work)، هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ نۆژەنکردنەوە و پاراستنی شوێنەوارێکی گرنگی مێژوویی لە سنووری ناحیەی زاویە دەستپێکردووە.
ئەم پڕۆژەیە بۆ ماوەی 40 رۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا تیمە پسپۆڕ و شوێنەوارناسەکان کار لەسەر پاککردنەوە، پشکنین و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی دیوار و تەلارسازیی مزگەوتە دێرینەکە دەکەن، بە شێوازێک کە تەواوی نەخشە، بەرد و دیزاینەکەی خۆی 800 ساڵ پێش ئێستای وەک خۆی بپارێزرێت و لە لەناوچوون رزگار بکرێت.
هاوکات لەگەڵ پاراستنی ئەم میراتە مێژووییە، پڕۆژەکە بووەتە هۆی رەخساندنی 30 هەلی کاری کاتی بۆ گەنجان، دەرچووانی بەشی شوێنەوار و خەڵکی ناوچەکە، کە لە رێگەیەوە بەشداربووان وێڕای دەستکەوتنی داهات، شارەزایی مەیدانی لە بواری پاراستنی شوێنەوارەکاندا بەدەستدەهێنن و بەشدار دەبن لە ئاوەدانکردنەوەی کولتووری ناوچەکەیان.
لە پاڵ مزگەوتەکەدا، کار لەسەر پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی کانییە مێژووییەکەی تەنیشتی دەکرێت کە لە رابردوودا سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاو بووە بۆ دانیشتووانی دەڤەرەکە؛ ئەم هەنگاوەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گرنگیدان بە کەرتی گەشتوگوزار و ئامادەکردنی ئەم شوێنە دێرینانە وەک ناوەندی سەرنجڕاکێشی گەشتیاری و مێژوویی.