ئاگر لە چیای ئەزمەڕ کەوتەوە

ئاگرێکی بەرفراوان لە چیای ئەزمەڕ لە سلێمانی کەوتەوە و بەهۆی هەڵکردنی رەشەبای توند و مەترسیی مین لەسەر چیاکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە وریایییەکی زۆرەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.

هەینی، 21ـی ئابی 2026، ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی گوتی: نزیکەی کاتژمێر 10ـی ئەمشەو لە دیوی پشتەوەی چیای ئەزمەڕ لەو بەشەی دەکەوێتە سەر تونێلەکە، ئاگرێکی بەرفراوان کەوتەوە.

بە پێی زانیارییەکان، بەهۆی هەڵکردنی رەشەبایەکی بەهێزەوە ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنەی کردووە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵێکی بەردەوامدان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری، هەروەها زیاتر لە حەفت تیمی بەرگریی شارستانی لە شوێنی ئاگرەکەن.

پەیامنێری کوردستان24، دەڵێت: لەگەڵ تیمە فەرمییەکاندا، ژمارەیەک هاووڵاتیی خۆبەخش لە شوێنی رووداوەکە ئامادەن بۆ هاوکاریکردنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.

سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم کوژاندنەوەی ئاگرەکە، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، جگە لە رەشەبا، بوونی مەترسیی مینی چێندراو لە هەندێک ناوچەی چیای ئەزمەڕدا بووەتە هۆی ئەوەی تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە وریایی و هێواشییەکی زۆرەوە کار بکەن بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، ئەمەش پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی کەمێک دواخستووە.

لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری شارەدێی سیتەک لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە "شۆرتی کارەبا" بووە، کە لە ساڵانی رابردووشدا هۆکاری سەرەکیی ئەم جۆرە رووداوانە بووە لە ناوچەکەدا.

بەڕێوەبەری شارەدێیەکە دڵنیایی دا کە رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و ئێستاش بەشێکی زۆری ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە، تەنیا چەند شوێنێکی کەم لەسەر چیاکە ماون کە بەهۆی مەترسیی بوونی مینەوە کۆنترۆڵکردنیان کەمێک کاتی زیاتری پێویستە.