بە بەشداریی 65 کۆمپانیا یەکەمین پێشانگەی براندە کوردییەکان لە زاخۆ کرایەوە

"11 رۆژ بەردەوام دەبێت"

بە بەشداریی 65 کۆمپانیا و براندی خۆماڵی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، یەکەمین پێشانگەی تایبەت بە براندە کوردییەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کرایەوە؛ پێشانگەکە بۆ ماوەی 11 رۆژ بەردەوام دەبێت و ئامانج لێی ساخکردنەوە و ناساندنی بەرهەمی ناوخۆییە لە بازاڕەکانی کوردستان، عێراق و هەناردەکردنی بۆ دەرەوەی وڵات.

لە ناوچەی گەشتیاریی گوندی سپی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئیداری، بازرگانان و هاووڵاتییان، یەکەمین پێشانگەی براندە کوردییەکان کرایەوە. لەم پێشانگەیەدا 65 کۆمپانیا و کارگەی ناوخۆیی لە بوارەکانی پیشەسازیی خۆراک، شیرەمەنی، شیرینی و بەرهەمە دەستییەکان بەشدارن، و بڕیارە بۆ ماوەی 11 شەو چالاکییەکانی بەردەوام بێت و هاوکات چەندین ئاهەنگ و چالاکیی هونەری لە پەراوێزیدا ساز بکرێت تا ببێتە دەروازەیەک بۆ دروستکردنی پەیوەندیی بازرگانیی راستەوخۆ لە نێوان بەرهەمهێنەران و کڕیاراندا.

خاوەنی براندی تەحینی بارزان، وەک یەکێک لە بەشداربووانی پێشانگەکە گوتی: بەرهەمەکەیان بە رێژەی 100% لە کونجیی خۆماڵی دروست دەکرێت و بەشدارییکردنی لەم فێستیڤاڵەدا دەرفەتێکی گرنگە تا لە نزیکەوە خەڵک و کڕیارانی شاری زاخۆ بەرهەمەکەیان ببینن و تاقی بکەنەوە، و خۆشحاڵیی خۆی بەو پێشوازی و قەرەباڵغییە زۆرە دەربڕی کە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی پێشانگەکەدا تۆمار کراوە.

لە لایەکی ترەوە، نوێنەرانی کارگە و براندە جیاوازەکانی دیکە ئاماژەیان بە گرنگیی ئەم جۆرە بۆنانە کرد بۆ ساخکردنەوەی کەلوپەلی ناوخۆیی؛ نوێنەری براندی ساندرا ئایسکرێم باسی لەوە کرد کە پێشانگەکە هەلێکی باشە بۆ ناساندنی بەرهەمە جیاوازەکانیان، هاوکات نوێنەری بەرهەمهێنەرانی شیرینی و بەقڵاوەی خۆماڵی جەختی لەوە کردەوە، سەرجەم کەرەستە خاوەکانی دروستکردنی شیرینییەکانیان لە بەرهەمی ناوخۆی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە.

هەروەها نوێنەری براندی دۆندرمەی بەفرین باسی لەوە کرد، ئەوان دۆندرمەی تایبەت بە شیری بزنی لەوەڕگەکانی دەڤەری ئاکرێ و ئامێدی بە شێوازێکی تەندروست و سەردەمیانە بەرهەمدەهێنن و خستوویانەتە بەردەست سەردانکەران.

ئەنجامدانی ئەم پێشانگەیە هاوتەریبە لەگەڵ کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت، بە جۆرێک کە ئاسانکاریی تەواو دەکرێت بۆ ئەوەی بەرهەمە خۆماڵییە کوردییەکان تەنیا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا قەتیس نەمێننەوە، بەڵکو هەناردەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و تەنانەت وڵاتانی ئەوروپاش بکرێن.